لە رانیە فێعلەکەی کردووە
بە سناپچاتی ساختە هەڕەشەی لە ژنان دەکرد؛ قۆڵبەست کرد
شۆڕش قادری
لە رانیە پیاوێکی زل و زەبەلاح دەستگیر کرا کە بە سناپچاتی ساختەوە هەڕەشەی لە ژنان کردووە.
بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین، هاوڵاتیێک لە رەگەزی مێ سکاڵای تۆمارکردووە لەسەر ئەوەی کە لەڕێی ئەکاونتێکی ساختەی تۆڕی کۆمەڵایەتی سناپچات هەڕەشەی لێکراوە، هەر ئەویش نا، ئەو سناپچاتە هەڕەشەی لە چەندین ژنی دیکەش کردووە.
دوای وەرگرتنی سکاڵاکە لە نوسینگەی نەهێشتنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی، دادوەر لەو بابەتە ئاگادار کراوەتەوە و بڕیاری دەستگیر کردن بۆ تۆمەتبار بە پێی ماددەی 2ـی لەیاسای نەهێشتنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دەرچووە.
دوای بەدواداچون و لێکۆڵینەوە و دیاریکردنی شوێنی تۆمەتبار، هێزەکانی پۆلیسی راپەڕین، توانیویانە ئەو کەسە دەستگیر بکەن کە سناپچاتی ساختەی بەکارهێناوە، لەکاتی دەستگیر کردنی دەست بەسەر مۆبایلەکەیدا گیراوە و لەناو مۆبایلەکەیدا هەموو بەڵگەکان هەبوون.
پۆلیسی ڕاپەڕین دەڵێت، تۆمەتبارەکە لە رەگەزی نێرە و دوای دەستگیر کردنی، لەبەردەمی پۆلیس و دادگا دانیناوە بەتاوانەکەیدا، بەبڕیاری دادوەر راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە.