پێشینەیان پێدەدرێت
زۆری نەماوە گەنجانی خاوەن پیشە خەونەکەیان بێتەدی
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
پرۆژەیەک لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ پێدانی پێشینە بە گەنجانی خاوەن پیشە. وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، ئێستا سەرقاڵی رێنماییەکانن.
تۆڕی 964 دەزانێت، پڕۆژەکە لە لایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمەوە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە و لەوێ پێشنیار کراوە رێنماییەکان نوێ بکرێنەوە و بەتایبەتیش تەمەن دیاری بکرێت بۆ ئەوانەی پێیان دەدرێت.
بەپێی ناوەڕۆکی پڕۆژەکە، ئەوانەی پێشینەکەیان پێدەدرێت دەبێت خاوەن پیشە و پڕۆژە بن.
ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە تۆڕی 964ـی راگەیاند: پڕۆژەکە زۆری نەماوە بچێتە بوواری جێبەجێکردنەوە و رێنماییەکان دەنێردرێنەوە ئەنجوومەنی وەزیران و واژۆیەکی سەرۆکی حکومەتی دەمێنێت.
دەشڵێت؛ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی مەبەستیەتی پێشینەکە تەنها گەنجان بگرێتەوە، “بەڵام جارێ تەمەنەکە و بڕی ئەو پارەیەی وەک پێشینە پێیان دەدرێت بڵاوناکرێتەوە”.