دوای هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر
بەشی میوزیک لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەڵەبجە کرایەوە
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
دوای 20 ساڵ لە کرانەوەی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەڵەبجە و هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر، بەشی میوزیک لە پەیمانگاکە کرایەوە و بۆ ئەمساڵ خوێندکار وەردەگرن.
ئیبراهیم رەمەزان، بەڕێوەبەری پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەڵەبجە بە 964ـی وت، ”چەندین ساڵە داوامانکردووە کە ئەم بەشە لە پەیمانگاکەمان بکرێتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی مامۆستای پسپۆڕ، نەتوانراوە داواکارییەکەمان جێبەجێ بکرێت”.
“نوخشە ناسیح پارێزگار هاوکارێکی باش بووە و بەڕێوەبەری پەروەردەی هەڵەبجەش، مامۆستای تایبەتی بۆ دابین کردین، ئێمەش بە پێی توانا خۆمانی لەگەڵدا دەگونجێنین”، ئیبراهیم رەمەزان وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەتا دەتوانن 10 خوێندکار وەربگرن، چونکە بەشی میوزیک پێویستی بەوەیە کە هەر خوێندکارێک شوێنێکی تایبەتی بۆ دابین بکرێت بۆ راهێنان.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری