رێگای گەشەپێدان

ساڵانە 33 ملیۆن تۆن کاڵا و 13 ملیۆن خەڵک لەنێوان ئەوروپا و عێراق دەگوازێتەوە

964+

فەرمان سادق

پرۆژەی رێڕەوی گەشەپێدان کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە رۆژئاوا دەبەستێتەوە لە رێگای شەمەندەفەرەوە، درێژییەکەی 1175 کیلۆمەترە.

پڕۆژەکە لە بەندەری فاو لە باشووری عێراق، لەسەر کەنداوی عەرەبی دەستپێدەکات تا ئیستانبۆڵ، لەوێوە بە ئەوروپا دەبەسترێتەوە.

پڕۆژەکە لەلایەن هەردوو حکومەتی عێراق و تورکیا رەزامەندی لەسەردراوە و درێژییەکەی هەزار و 175 کیلۆمەترە، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە توانای هەڵگرتنی سێ ملیۆن و 500 هەزار تۆن حاویەی هەیە کە دەکاتە 22 ملیۆن تۆن کاڵای جۆراوجۆر.

ئەو پڕۆژەیە کە چەند رۆژێک پێش ئێستا لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆککۆماری تورکیا راگەیەندرا کە بە فەرمی ناوی “توو وەی”ـیە.

قۆناغی دووەم و کۆتایی پڕۆژەکە، هێڵە شەمەندەفەرەکە لە ساڵێکدا توانای گواستنەوەی کاڵا دەگاتە حەوت ملیۆن و 500 هەزار تۆن کە دەکاتە 33 ملیۆن تۆن کاڵای جۆراوجۆر، هەروەها خێراییەکەشی لەنێوان 130 بۆ 140 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت.

هێڵێکی تایبەتی گواستنەوەش بۆ خەڵک هەیە کە ساڵانە 13 ملیۆن و 800 هەزار کەس دەگوازێتەوە.