تەمەنی 36 کۆڵبەریان خوار 18 ساڵە

لە 12 ساڵدا نزیکەی 600 کۆڵبەر کوژراون یان گیانیان لەدەستداوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا 594 کۆڵبەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون یان گیانیان لەدەستداوە، 1362ـی تریش بریندارن و پێنج کۆڵبەریش بێسەروشوێنن. ئامارەکە هی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپایە.

بە پێی ئاماری رێکخراوەکە، کە دوێنێ شەممە 25.3.2023 بڵاویکردووەتەوە، 36 کۆڵبەر لە کوژراوەکان تەمەنیان کەمتر لە 18 ساڵ بووە.

رێکخراوەکە رایگەیاندووە، 1401 حاڵەتی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرەکان بە گوللـەی راستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆمارکراوە.

هاوکات ئەوەش روونکراوەتەوە، بەربوونەوە لە شاخ و کەوتنە بەر رنووە بەفر، بەرکەوتن بە مین و سەرمابردوویی لە هۆکارەکانی تری مردن و برینداربوونی کۆڵبەرەکان بوون.

رێکخراوەکە ئاشکراشی کردووە، لە کاتی گوشاری هێزە ئەمنییەکان 17 حاڵەتی مردن بە جەڵدەی دڵ هەبووە، هەروەها حاڵەتێکی ئیفلیجیش دروست بووە.

بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، 17 حاڵەتی کوژران و برینداربوون بە گوللـەی سەربازانی وڵاتی تورکیاوە هەبووە.

هەروەها 147 حاڵەتی برینداربوونیش بە رووداوی هاتوچۆ تۆمارکراوە لە کاتی کۆڵبەریدا.

رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، چاودێریی رەوشی مافی مرۆڤ دەکات لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەردەوام راپۆرتی لەوبارەیەوە هەیە.