گۆرانیش دەڵێت

بە دەستی چەپەوە بووەتە ژەنیار؛ لاڤە ئاستەنگەکانی شکاند و بوێرانە هاتە مەیدانەوە


فەرمان مەلا حەسەن – رانیە

سەرەڕای ئەوەی ژەنینی ئامێری کەمانچە بە دەستی چەپ کارێکی قورس و نائاساییە، بەڵام کچە بەهرەمەندێکی رانیە بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە توانی ئەو ئاستەنگە تێکبشکێنێت و بە شێوازێکی جیاواز تواناکانی خۆی نمایش بکات.

ئەم بەهرەیە لە میانەی “فیستیڤاڵی گۆڕەپانی خەونی منداڵان” دەرکەوت، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەری راپەڕینەوە رێکخرابوو. فیستیڤاڵەکە تایبەت بوو بە نمایشکردنی توانای ئەو منداڵانەی لە خولەکانی ئەم هاوینەدا فێری هونەرە جیاوازەکان ببوون، کە پێکهاتبوو لە بڕگەکانی شانۆ، موزیک، و پێشانگای کاری دەستی.

لاڤە زانست، ئەو کچە منداڵە بەهرەمەندەیە کە توانیویەتی زاڵ بێت بەسەر ئەو ئاستەنگەی بۆی دروست ببوو، ئەو بۆ 964 دەڵێت: “توانیم لەم هاوینەدا بە باشی فێری موزیک و گۆرانی ببم. سەرەتا ئەوەی کە من بە دەستی چەپ کارەکانم دەکەم بۆ ژەنینی موزیک گرفت بوو، بەڵام توانیم ئەو کێشەیە چارەسەر بکەم و سەربکەوم.”

لاڤە بە دڵخۆشییەوە ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهرە و راهێنانە بەردەوامەکانی وایان لێکردووە کە رێگرییەکان تێکبشکێنێت و بوێرانە بێتە مەیدانی هونەرەوە، ئەمەش بووەتە جێگەی سەرنجی ئامادەبووانی فیستیڤاڵەکە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح