محاویلەکەیان سووتاوە

ماوەی هەفتەیەکە 110 ماڵی گەڕەکی کۆماری لە خورماتوو بێ کارەبان

964+

سیروان خورشید- کەرکوک

ماوەی هەفتەیەکە بەهۆی سووتان و تێکچوونی محاویلەی کارەباوە، 110 ماڵ لە گەڕەکی کۆماری لە قەزای خورماتوو بێ کارەبان و بەو هۆیەشەوە ژمارەیەک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا.

دانیشتووانی گەڕەکەکە ئاماژە بەوە دەکەن، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان سەردانی فەرمانگەی کارەبایان کردووە، بەڵام لە فەرمانگەکە داوایان لێ کراوە پسوڵەی کارەبای سەرجەم ماڵەکان کۆبکەنەوە، هاوڵاتیان دەڵێن بەهۆی ئەوەی بەشێک لەو ماڵانە تا ئێستا پێوەری کارەبایان بۆ دانەنراوە هیچ پسوڵەیەکیان نییە، ئەمەش بووەتە رێگر لەبەردەم گۆڕینی محاویلەکە و داوا دەکەن بە زووترین کات کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکرێت.

لە بەرامبەردا، فازڵ عەباس، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارەبای خورماتوو بە 964ـی راگەیاند، بەشێک لەو ماڵانە بە شێوەیەکی نایاسایی و هەڕەمەکی کارەبایان راکێشاوە و بەشداریی فەرمییان نەکردووە.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارەبای خورماتوو جەختی لەوەش کردەوە کە مەرجی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە ئەوەیە؛ سەرەتا ئەو ماڵانە سەردانی فەرمانگەکە بکەن بە مەبەستی بەشداریکردنی فەرمی و تۆمارکردنی ناوەکانیان، پاشان محاویلەی کارەبایان بۆ دادەنرێتەوە.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح