گۆشتفرۆشێک هەرزانى کرد
کیلۆیەک گۆشتى بەرخ بە 15 هەزار دینار
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
گۆشتفرۆشێک لە سلێمانى، نرخى گۆشتى داشکاند و کیلۆیەک نەرمکەى بەرخ و کارى کردە 15 هەزار دینار.
حاجى ستار کەریم کە 30 ساڵ زیاتر سەروسەوداى لەگەڵ گۆشتفرۆشییە و وەستایەکى لێهاتووى بوارەکەیە، دەستپێشخەرییەکى راگەیاند و گۆشتى بەرخ و کارى کرد بە 15 هەزار دینار بۆ هەر کیلۆیەک.
ئەو گۆشتەى لە بازاڕ لە سەرووى 22 هەزارەوە دەفرۆشرێت، لاى حاجى ستار بە 15 هەزارە و دەڵێت: خەڵک پارەى پێنییە و پێویستە نەدار و هەژارانیش بێبەش نەبن لێى.
ئەو باسى لەوەکرد، ژنێک چووەتە لایى و پێى وتووە ،”بایى هەزار دینار گۆشتم بدەرێ”، وەک حاجى دەڵێت: لەبەر ئەوە ناچارین نرخ هەرزان بکەین و هێشتاش بۆ هەر حەیوانێک 10 هەزار دینار بۆ 15 هەزار قازانج بکەین.
گۆشتفرۆشەکە دەکەوێتە بەرامبەر نەخۆشخانەى بەخشین لە شارى سلێمانى و نزیک ماڵى شێخ لوقمانە، هەر کەسێک دەیەوێت بە نرخێکى هەرزان بیکڕێت دەتوانێت سەردانى حاجى ستار بکات.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح