رۆژ کەریم ئەمشەو گۆرانیەک بۆ ئاشقان بڵاودەکاتەوە
پەرستۆ ساڵح – لایف ستایل
هونەرمەند رۆژ کەریم، کلیپی ساڵانێک بۆ ئاشقان بڵاودەکاتەوەو دەیەوێت ببێتە خەمڕەوێنی ئەوانەی خۆیان لە چیرۆکی گۆرانیەکەیدا دەبیننەوە.
کلیپ و گۆرانی “ساڵانێک” کارێکی ئاشقانەیە و لە لایەن مازیار فایەقی شاعیرەوە هۆنراوەکەی نوسراوە، هونەرمەند رۆژ کەریم خۆی کاری ئاوازو دابەشکردنی موزیکەکەی بۆ کردووەو، هەروەها دەرهێنەر دیار مەهدی کاری دەرهێنانی کلیپەکەی بۆ ئەنجامداوە.
گۆرانی ساڵانێک، وابڕیارە ئەمشەو بڵاو بکرێتەوە، لەمبارەیەوە هونەرمەند رۆژ کەریم، بە میدیازانی وت “کاتێک کارێکی هونەری دەکەیت بەدوای ناوێک دەگەڕێیت، هەم گونجاو بێت هەم سەرنجڕاکێش بێت، ئەوەش وایکرد ناوی ساڵانێک هەڵبژێرم”.
رۆژ کەریم، ئاشکرای دەکات کە چەند مانگێکە کلیپەکەی تەواو کردووە، بەڵام “بەهۆی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوامخست، دواجار ژیان بەردەوامە، دەکرێت بەم گۆرانییە سۆزێک بین یان خەمڕەوێنێک بین بۆ کەسانێک کە خۆیانی تێدا دەبیننەوە”.
هونەرمەند رۆژ کەریم، لەڕێگەی میدیازانەوە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە کۆتایی ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو، چەندین کارو بەرهەمی نوێ بڵاودەکاتەوە.
رۆژ کەریم، هونەرمەندێکی دیاری سلێمانیەو ساڵانێکە کاری هونەری دەکات، بەڵام بەهۆی ناجێگیری تەندروستیەوە ماوەیەکی زۆر دابڕا.