"1400 پزیشکین و داوای مافی رەوای خۆمان دەکەین"

دکتۆرە دانەمەزراوەکان چوونەوە بەردەم وەزارەتی تەندروستی

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

دکتۆرە دانەمەزراوەکان چوونەوە بەردەم وەزارەتی تەندروستی و بۆ دامەزراندن دەنگیان هەڵبڕی.

ئەمڕۆ یەکشەممە 27.9.2026 دەرچووانی کۆلیژە پزیشکییەکانی زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان، چوونە بەردەم بینای وەزارەتی تەندروستی لە شاری هەولێر.

یوسف حەمید دەرچووی كۆلێژی پزیشكی زانکۆی زاخۆیە بۆ ساڵی 2024 – 2025، ئەو بە 964ـی وت، “وەجبەی ئێمە ژمارەمان 663 پزیشکە، بەم دواییانە وەجبەی 2026ـەشیسی هاتووەتەسەر کە نزیکەی 800 پزیشکی گشتین و هیچمان دانەمەزراوین”.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی یاسا هەرکات کە پزیشکی گشتی زانکۆی تەواو کرد، دەبێ راستەوخۆ دابمەزرێ، بۆ ئەوەی سیستمی پلەبەندی پەکەی نەکەوێ، واتە ئەگەر ئەوان دانەمەزرێندرێن، ئەو پزیشکانەی دامەزراون و دەیانەوێ بچنە قۆناغەکانی تر و پسپۆڕی بخوێنن، پەکیان دەکەوێ.

بەقسەی خۆیان چەند نوێنەرێکیان چوونەتە لای سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، بەڵام تا ئێستا وەڵامێکی گونجاو  و موقنعیان پێ نەدراوەتەوە.

پێشتریش چەند جارێک پزیشکانی دانەمەزراو لە شارەکانی خۆیان و لە بەردەم وەزارەتی تەندروستی بۆ داواکردنی مافی خۆیان، کە دامەزراندنە گردبوونەتەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری