ئەگەر لە بازاڕی ئۆنلاین خەڵەتێندرای وەرە بۆ ئێرە
964+
دیلان محەمەد جەزا
لەگەڵ زیادبوونی پەیج و پێگە ئۆنلاینەکانی تایبەت بە فرۆش و بازاڕ، ژمارەی فێڵ و خەڵەتاندنیش بەرزبووەتەوە، چاودێری بازرگانی سلێمانی دەڵێت، هەرکەس وای بەرامبەر کرا ئەوا دەتوانێت لە لای ئەمان سکاڵا تۆمار بکات.
بە وتەی سۆران غەفور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بۆ تۆڕی 964، لە ماوەی رابردوودا کەسێک چووەتە لایان و سکاڵای یاسایی تۆمارکردووە، بەهۆی ئەوەی پێنج کیلۆ هەنگوینیان پێ فرۆشتووە لە پەیجێکی ئۆنلاین لە شاری بەغدادەوە، بەڵام هەنگوینەکە شانەکانی پەتاتە بوون.
ئەو دەڵێت، لەگەڵ بەغدا پەیوەندیان کردووە و لێپێچینەوەیان لەگەڵ پەیجەکەدا کراوە، بەڵام هاوڵاتیان نەچنە لایان بۆ سکاڵا کاتێک دەستیان دەبڕن ئەو بەزمە دووبارە دەبێتەوە.
بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی لە رێگەی تۆڕی 964ەوە بە هاوڵاتیان دەڵێت، هەر پەیجێک ویستی هەڵیان بخەڵەتێنێت و ئەو بابەتەی داوایانکردووە وەک خۆی نەبوو، “دەتوانن بێنە لامان و سکاڵا تۆمار بکەن”.
باسی لەوەکرد، ئەو پەیجە ئۆنلاینانە هیچیان مۆڵەتیان نییە و هاوڵاتی خۆی پەیوەندیان پێوە دەکات، ئەو کاڵا هەرزانانەی داوا دەکرێن، لە بازاڕەکاندا هەیە.