خۆپیشاندەرێک دەیگێڕێتەوە
بەزەبری هێز خۆپیشاندانی پێنجوێن كۆتایی هات و دەستگیر کراویش هەیە
ئەحمەد محەمەد
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە، 22.9.2026 هێزێكی زۆری ئەمنی هەڵیكوتاوەتە سەر خۆپیشاندەرانی پێنجوێن و خێمەكەشیان سوتاند، بە قسەی خۆپیشاندەرێکیش دەستگیر کراویشیان هەیە.
هێزەكە لە هەر سێ قۆڵی سلێمانی، باشماخ و ناو پێنجوێنەوە بە تاریكی و بێ لایت بەدەمامكداری رژاونەتە ناو خۆپیشاندەران و ژمارەیەكی زۆیان لێ گیراوە، ئەمە قسەی یەکێکە لە خۆپیشاندەرەکان.
یەكێك لە خۆپیشاندەران بە نامەیەكی دەنگی كە بۆ 964ی ناردووە و ناوەیی پارێزراوە باس لە شێوازی هەڵكوتانە سەر خۆپیشاندەرانی پێنجوێن دەكات دەڵێت، نزیك بانگی بەیانی بوو هێزێكی زۆری دەمامكدار بە توندوتیژی و تەقاندنی فیشەك كەوتنە گیانی خۆپیشاندەران و بەشێكی گیراوە و بەشێكیشی رزگاری بوو، وەك ئەو خۆپیشاندەرە باسی دەكات، نزیكەی 100 كەس گیراوە و بە چوار پاس لەشوێنێكەوە بردراون.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوان بەشێوازێكی هێمنانە پەیامەكەی خۆیان گەیاندووە و زیانیان بۆ هیچ كەسێك نەبووە، ئەوان نیگەرانن لەو شێوازی مامەڵەكردنە لەگەڵیان و پێیان وایە ئەم شێوازی مامەڵەكردنە خەڵكی دڵگەرمتر دەكات و داوای ئازادكردنی هاوڕێكانیان دەكەن.
لەسەر دەستگیركردنی خۆپیشاندەران و ئەو دۆخەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، 964 چەند جارێك پەیوەندی كرد بە عەدنان كاكەرەش، قایمقامی پێنجوێن بەڵام وەڵامی پەیوەندیەكەی نەدایەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی