"​دوای دەستگیرکردنی سەرۆکی پێشووی وەبەرهێنان"

قایمقامی پێشوی خورماتوو بوو بە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی سەڵاحەدین


سیروان خورشید – خورماتوو

بە کۆی 12 دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، شەلال عەبدول قایمقامی پێشووی قەزای خورماتوو کە کوردێکی رەسەنە، وەک سەرۆکی نوێی دەستەی وەبەرهێنانی پارێزگای سەڵاحەدین دەستنیشان کرا و لەسبەینێوە دەستبەکار دەبێت.

ئەم گۆڕانکارییە ئیدارییە دوای ئەوە دێت کە پێشتر سەرۆکی پێشووی دەستەکە بە تۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی ماوەی چەند رۆژێک پێش ئێستا، لەلایەن لیژنەی دەستپاکی بەغداوە دەستگیرکرا.

شەلال عەبدول بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سەڵاحەدین بە 964ـی وت،”ئەم ئەرکە بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی پڕۆژە وەبەرهێنانەکان لە پارێزگای سەڵاحەدین ببووژێنینەوە و بەبێ جیاوازی خزمەت بە سەرجەم قەزا و ناحیەکان، بەتایبەت ناوچە زیانلێکەوتووەکان بکەین”.

وتیشی، کار دەکەن بۆ راکێشانی سەرمایەداران و جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیژی لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکاندا، بە جۆرێک کە ببێتەهۆی رەخساندنی هەلی کار و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری پارێزگاکە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری