ماڵى کاسبکارێکى دیلیڤەرى

خێرخوازان خانوویان بۆ کڕى و وایەرى شەحن سووتاندى

964+

دەریا ئەحمەد- کۆیە

تەنیا سێ مانگ بوو “یوسف” لە مەینەتیی و کرێچێتی رزگاری ببوو. ئەو شۆفێری دیلیڤەرییە و داهاتەکەی سنووردارە، بەڵام دەستی خێرخوازان خەونی هەبوونی ماڵێکیان بۆ هێنایە دی لە قەزای کۆیە. کەچی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، وایەرێکی بچووکی شەحنی مۆبایل، بەشێکی گەورەی خەونەکەی سووتاند.

رووداوەکە کاتژمێر 5ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ روویدا، بەهۆی شۆرتی کارەبا و گڕگرتنی شاحینەیەکی مۆبایلەوە، ئاگر لە ماڵەکەی (یوسف نەجمەدین) کەوتەوە. بڵێسەی ئاگرەکە ژوورێکی ماڵەکەی بەتەواوی سووتاند و ژوورەکانی دیکەشی بە جۆرێک شێواندووە کە دووبارە پێویستیان بە دەستکاری و نۆژەنکردنەوە هەیە.

هەرچەندە لە کاتى ئاگرەکە، لەماڵ نەبوون، بەڵام وەک ئەوەى یوسف بۆ 964 باسى دەکات،”باشبوو لە ماڵەوە نەبووین، ئەگینا ئەو شوێنەی ئاگرەکەی لێ دروست بووە، رێک شوێنی خەوتنی کچەکەم بوو.”

خێرخوازان تەنیا سێ مانگ بوو لە کرێچێتی یوسفیان روگار کردبوو و ئەم خانووەیان بۆ کڕى بوو، بەڵام خەمى نوێى یوسف دووبارە نۆژەنکردنەوەیەتى.

ئاراس دەشتی، کە یەکێکە لە دراوسێکانی یوسف، باس لەوە دەکات کە ئەم خێزانە ماوەی سێ مانگە هاتوونەتە گەڕەکەکەیان و باری داراییان زۆر خراپە.

ئاراس و دراوسێکانی دیکە بڕیاریان داوە بەپێی توانای خۆیان هاوکاریی یوسف بکەن بۆ نۆژەنکردنەوەی خانووەکە، بەڵام قەبارەی زیانەکە گەورەیە، بۆیە داوا لە خێرخوازان دەکەن هیمەتێکى بۆ بکەن و بۆ وەرزى زستان ماڵەکەى یوسف گەرم بکەنەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح