تیمەکان زوو فریاکەوتن
بەبێ زیانی گیانی، ئاگرەکەی ناوچەی پیشەسازیی باکوور لە هەولێر کۆنترۆڵ کرا
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگرێک لە ژمارەیەک دووکانی ناوچەی پیشەسازیی باکوور لە شاری هەولێر کەوتەوە، بەڵام بەهۆی گەیشتنی خێرای تیمەکانی بەرگریی شارستانی، لە ماوەیەکی کەمدا ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا و رێگە لە تەشەنەسەندنی گیرا.
بەپێی زانیارییەکان، ئاگرەکە تەنها 10 خولەک پاش بانگی مەغریب سەریهەڵداوە و لە سەربانی 7 دووکانی ناوچە پیشەسازییەکەوە کەوتووەتەوە.
ئەحمەد ساڵح، کە پاسەوانی یەکێک لە دووکانەکانی ئەو ناوچەیەیە و شایەتحاڵی رووداوەکە بووە، رایگەیاند کە ئاگرەکە لەناکاو دروست بووە، بەڵام تیمەکانی بەرگریی شارستانی زۆر زوو گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
ئەو پاسەوانە وتیشی: “تیمەکان زوو فریای کوژاندنەوەی ئاگرەکە کەوتن و کۆنترۆڵیان کرد، ئەگەر ئەوان زوو نەگەیشتایەن، بێگومان ئاگرەکە تەشەنەی دەکرد و زیانێکی زۆری ماددیی بەدوای خۆیدا دەهێنا.”
لەبارەی زیانەکانەوە پشتڕاست کراوەتەوە کە رووداوەکە تەنیا زیانی ماددیی لێکەوتووەتەوە و خۆشبەختانە هیچ جۆرە زیانێکی گیانی و برینداریی لێ نەکەوتووەتەوە. تا ئێستاش هۆکاری سەرەکیی کەوتنەوەی ئەو ئاگرە بە فەرمی رانەگەیەندراوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح