فێرى نوسین و خوێندنەوە بوون
“نەخۆشە بیبەرەوە با نەخوێنێت”؛چیرۆکى شەن سەرکەوت
964+
دیلان محەمەد- سلێمانى
شەن بەختیار، ئەو کچەی 10 ساڵە بەرەنگاری شێرپەنجە بووەتەوە، دوای ئەوەی بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە لەلایەن قوتابخانە حکومییەکانەوە دەرگای لێ داخرا، بەڵام دواتر بە هەوڵێکی 964 و بڕیاری وەزیری پەروەردە، گەڕاوەتەوە بەر خوێندن و رۆژ بە رۆژ هەنگاوی باشتر دەهاوێژێت.
میهرەبان محەمەد، دایکی شەن، بۆ 964 باسى لەوەکرد، ماڵیان لە نێوان دوو قوتابخانە بووە لە شاری سلێمانی، بەڵام هیچیان ئامادە نەبوون کچەکەی وەربگرن. ئەو بە دڵگرانییەوە قسە بریندارکەرەکەی یەکێک لە بەڕێوەبەرەکانی گێڕاوە و وتی: “بەڕێوەبەری یەکێک لە قوتابخانەکان پێی وتم وەری ناگرین چونکە نەخۆشە، تۆش بیبەرەوە بۆ ماڵەوە پێویست ناکات بخوێنێت”.
دایکی شەن دەڵێت، سکاڵای یاسایی لەو بەڕێوەبەرانە نەکردووە، بەڵکو وەک خۆی دەڵێت: “سکاڵاکەم بردووەتە لای خوا و بۆ قیامەتی خۆیان”.
مانگی سێی ئەمساڵ و دوای ئەوەی 964 چیرۆکەکەی بڵاوکردەوە، وەزیری پەروەردە بڕیاریدا بیگەڕێنێتەوە بەر خوێندن.
ئێستا شەن لە قوتابخانەی (جونیەر)ـی تایبەت دەخوێنێت. ئەو کچە کە لە تەمەنی چوار ساڵ و نیوییەوە تووشی شێرپەنجە بووە و تا پۆلی شەشی بنەڕەتی بە نیوەناچڵی خوێندووە، ئێستا سەرلەنوێ فێری خوێندنەوە و نووسین بووەتەوە و زۆر دڵخۆشە. دایکیشی دەڵێت: “باشی مامۆستاکانی وەسف ناکرێت و لە خۆم زیاتر گرنگی پێ دەدەن”.
مامۆستاکانی قوتابخانەی جونیەریش بۆ مایکی 964 قسەیان کردووە و دەڵێن: “964 بووە هۆی ئەوەی شەن بناسین، ئەو کچەی توانا و ئارەزوویەکی زۆری هەیە و هیوایەک لە ناخیدا دەدرەوشێتەوە”.
سەرەڕای ئەم دڵخۆشییە، شەن کە لە نەخۆشخانەی هیوا چارەسەر وەردەگرێت و پێشتر سێ نەشتەرگەریی قورسی بۆ کراوە، هێشتا بەربەستێکی گەورەی تەندروستی لەبەردەمە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح