لە فێستیڤاڵەکەی زەڵێ

پیاوێک نانی ئێوارەی هێنایە لای کەسابەتی ژنەکەی

ئەحمەد محەمەد – شارباژێڕ

لە فێستیڤاڵی کاڵەکی زەڵێ، پیاوێک نانی ئێوارەی هێناوەتە لای هاوژینی و بۆ پشگیری هاوسەرەكەی ماوەی 10 رۆژە كاروباری رۆژانەی وەستاندووە و  لەگەڵی ئامادەكاری بۆ دروستکردنی شیرینی دەكات.

بڕیار فایەق، هاوسەری ئاسیایە خالیدە، كە بە شیرینی بەشداری لە فێستیڤاڵی زەڵێی شارباژێڕ كردووە.

بڕیار بە 964ی وت، پێویستە هاوسەران ئاوا پاڵپشتی و بایەخ بەیەكتری بدەن، بۆ ئەوەی هیچ كەموكوڕییەك لە ئیشوكاری هاوسەرەكەی روونەدات، ماوە 10 رۆژە هەموو ئیشێكی رۆژانەی خۆم وەستاندووە.

ماوەی ئامادەكاری فێستیڤاڵەكە، شەوانە تاوەكو كاتژمێر 2:00ی شەو وەكو یاریدەدەر بەردەستی هاوسەرەكەی كردووە و كولیچە و شیرینیان بەیەكەوە دروست كردووە، ئەگەرچی كارەكەی قورس بووە و زۆرجار ناڕەحەت بووم، بەڵام وەک وتی، دڵخۆشبووم بەهاوكاری هاوسەرەكەم و تاوەكو ئیشوكارەكانی جێبەجێ بكات.

ئاسیا خالید، شێفی دروستكردنی شیرینیەكەیە و بە 964ی وت، جەوێكی وەكو سەیران و گەشتمان بۆ خۆمان رەخساندووە، بیرمان كردەوە بۆچی جەوێك نەگۆڕین و نان و خوانی ئێوارەش لە فێستیڤاڵەكە بخۆین، ئامادەكاری تەواومان بۆ ژیانی خێزانی ئەم چەند رۆژە كردووە و سوپاسی هاوسەرەكەشم دەكەم كە ماوەی ئامادەكاری فێستیڤاڵەكە بەتەواوی هاوكاری ئیشوكارەكانم بووە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا