لە دەورووبەری پارێزگان
هێزێکی ئاسایشی ناوخۆی سوریا چوونە ناو حەسەکە
گەرناس مەعۆ – رۆژئاوای کوردستان
بەیانی ئەمڕۆ هێزێکی پۆلیسی ناوخۆ سەربە وەزارەتی بەرگری سوریا گەیطنە ناو سەنتەری پارێزگای حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان و کە پێکهاتوون لە چەندین ئۆتۆمبێل بە ئاڵای سوریاوە.
ئەم جوڵەیە لە چوارچێوەی بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سووریای دیموکراتیکە بە تایبەتی لە بواری یەکخستنی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان.
بەپێی زانیاریەکانی پەیامنێری 964 لە رۆژئاوا، هێزەکە لە نزیکەی 100 ئەندام و 15 ئۆتۆمبێل پێک دێت و لە ژمارەیەک شوێنی ناو شاردا بڵاوە بوونەتەوە، لەوانەش دەورووبەری بینای پارێزگای حەسەکە.
تا ئێستا هیچ زانیارییەک دەربارەی ڕوودانی پێکدادان یان شەڕ لەگەڵ هاتنی ئەم هێزەوە نییە و شاری حەسەکە لە دۆخێکی ئارامدایە.
ئەم گۆڕانکارییە لە چوارچێوەی هەنگاوە نوێکان بۆ رێکخستنەوەی دۆخی ئەمنی و سەربازی لە حەسەکە و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی نێوان دیمەشق و هەسەدەدا دێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی