کارەکەی لویس ڤیتۆن هەر لەسەر زارە
رۆشنبیری گەرمیان دەڵێ؛ فەرەنجییەکە مۆرکی ئەوانە و دەیپارێزن
میلاد جەلال – گەرمیان
بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و ھونەری گەرمیان، نوسراوی بۆ وەزارەتی رۆشنبیری کردووە کە رێکار بگرنەبەر لە دژی کۆمپانیای لویس ڤیتۆن، بەوەی فەرەنجی لە دیزاینی جلوبەرگەکانی بەکارھێناوە.
ئەوان فەرەنجی بە مۆرکی گەرمیان دەزانن و بۆیان گرنگە دانی پێدا بنرێ.
عادل حوسێن، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و ھونەری گەرمیان بە 964ى وت، فەرەنجی مۆرکێکی گەرمیانیانەیە و لەشارەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستانیش بەکاردێت، کەچی کەسێک ھاتووە ببێ ناوھێنانی کورد و کوردستان دوبارە فەرەنجی لە دیزاینی جلەکانی بەکارھێناوە و ئەمەش جێگای قبوڵ نیە.
بەفەرمی داوایان لە وەزارەت کردووە رێکار بگیرێتەبەر بەرامبەر براندی لویس ڤیتۆن، عادل حوسێن وتیشی، ئەوەندەی ئاگاداربن وەزارەتی رۆشنبیری و فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە سەرقاڵی ئەو بابەتەن و رێکاریان گرتووەتەبەر لەدژی ئەو براندە.
لەم رۆژانە، براندی لویس ڤیتۆن-ی فەڕەنسی، نوێترین كۆلێكشنی پایزەی ئەمساڵی خۆی نمایشكرد، كە بیرۆكەی دیزانەكانی لە جلی كوردییەوە وەرگرتوە بێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی كورد و كوردستان بكرێت.
لەبارەی هەڵبژاردنی ناوی كۆمەڵە دیزاینەكە، باسلەوەكراوە كە لە فۆلكلۆری ناوچە شاخاوییەكان و كلتوری ژیانی كۆچەری وەرگیراوە، بەڵام ئەو دیزانەرە بە شێوازێكی نوێ دروستیكردونەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز باسیلەوەكردوە كە ئیلهامی دیزانەكان لە ناوەڕاستی ئاسیا وەرگیراوە و كاریگەرییە كەلتورییەكانی ناوچە شاخاوییەكان نیشان دەدات، بەڵام بە رونی ئاماژە بە ناوی كورد نەكراوە.
ئەم دیزانەی لویس ڤیتۆن لەناو خەڵكی كوردستان زۆرترین رەخنەی لێگیراوە، چونكە بیرۆكەكەی لە جلی كوردییەوە وەرگیراوە، بەڵام دیزاینەرەكە و براندەكەش لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیان ئاماژەیان بە ناوی كورد نەكردوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا