پۆلیسی گەرمیان بۆ فرۆشگاکان

“بێ ئاگاداری دایک و باوک پارە بۆ هەژماری یاری مناڵان زیاد مەکەن”

ئەحمەد مستەفا

پۆلیسی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا فرۆشگای یارییە ئەلیکترۆنییەکان ئاگاداردەکاتەوە، بێ رەزامەندی دایک و باوک یان سەرپەرشتیار، پارە بۆ هەژماری منداڵێک زیاد نەکەن لە کاتی سەلماندنی پێشێلکارییەکەدا، بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان لەرێگەی وتەبێژەکەیەوە، عەقید سۆران محەمەد، لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە 23.8.2026، ئاگاداریی هەموو دوکانداران و فرۆشیارانی سنووری گەرمیان دەکاتەوە کە لە بواری فرۆشتن و زیادکردنی پارە بۆ هەژمارەکانی یاری و ئەپەکان کار دەکەن.

لەوانە: Roblox، PUBG، PlayStation (PS)، TikTok، Minecraft، Domino و هەموو یاری و خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکانی تر کە منداڵ و مێردمنداڵان بەکاریان دەهێنن، بێ ئاگاداری و ڕەزامەندی دایک و باوک یان سەرپەرشتیاری منداڵ، هیچ پارەیەک بۆ هەژماری ئەوان زیاد نەکەن.

پۆلیس دەڵێ، ئاگادارتان دەکەینەوە کە ئەگەر هەر دوکاندارێک بێ رەزامەندی دایک و باوک یان سەرپەرشتیار، پارە بۆ هەژماری منداڵێک زیاد بکات، لە کاتی سەلماندنی پێشێلکارییەکەدا، بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت .

وەک باسی کردووە، ئامانج لەو ئاگادارییە پاراستنی منداڵان، رێگریکردن لە بەکارهێنانی نادروستی پارە و کەمکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکانە، هەروەک دەڵێ، هەموو دوکانداران پابەندی ئەم ئاگادارییە بن و لە هەر مامەڵەیەکی دارایی لەگەڵ منداڵاندا، رەزامەندی دایک و باوک یان سەرپەرشتیار لەبەرچاو بگرن.