هێزی کڕینی دینار پلانی مووچەخۆرانی تێکداوە

“پلان لەم رۆژەدا ناخوا”؛ دۆخی موچەخۆران لەدوای بەرزبوونەوەی دۆلار

دیلان محەممەد جەزا – دوکان

دوای بەرزبوونەوەی دۆلار بۆ یەکەمجار موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان موچەیان وەرگرت و دەڵێن، کاریگەری لەسەر مووچەکەیان هەیە و پلانەکانی تێکداون.

لەدوای وەرگرتنی موچەکەی لە ئەی تی ئێمیکی قەزای دوکان، موچەخۆرێک قسەی بۆ 964 کرد لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و وتی: هەرچەند بەرنامە بۆ موچە دائەنێی بەش ناکات، پلان لەم رۆژەدا ناخوا و هەر پلانێک دائەنێی هەڵدەوەشێتەوە، چونکە دۆلار هەر لە بەرزیدایە و جێگیر نییە.

ئەو مووچەخۆرە وتیشی، “هەندێک دوکاندار و خاوەن مارکێت شتی کۆنیان هەیە و بە نرخی کۆن کڕیویانە کەچی گرانیان کردووە و دەڵێن دۆلار بەرزبووەتەوە.”

رۆژی حەوتی ئەم مانگە حکومەتی عێراق بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی 2027 بەهای دیناری بەرامبەر دۆلار دابەزاند لە 1320 بۆ 1520 دینار بەرامبەر یەک دۆلار، واتە ئێستا دینار 13.16%ـی بەهای خۆی لەدەستداوە.

لەدەستچوونی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار کاریگەری گەورە لەسەر مووچەخۆران دادەنێت چونکە هێزی کڕینی دینار بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیووە، بۆ نمونە لە هەر ملیۆنێک دیناردا نزیکەی 100 دۆلار بەهای خۆی لەدەستداوە، چونکە پێشتر ملیۆنێک دینار 757 دۆلاری دەکرد، بەڵام ئێستا نزیکەی657 دۆلار دەکات.

موچەخۆرێکی دیکە کە قسەی بۆ 964 کرد لەبارەی گرانبوونی شتومەکی و پێداویستی رۆژانە وتی: بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کاریگەری گەورەی لەسەر ئێمەیە چونکە شتێک لە پێنج هەزارەوە بۆ 10 هەزار و 15 هەزار بەرزببێتەوە دەبێتە ئەرک بۆ سەرمان و و ئێمە موچەمان دیاریکراوە.”

پێداچوونەوە: کاکەلاو عەبدوڵا