پێشتر بە دەنگی ئەو تۆپە بەربانگییان كردۆتەوە
كۆییەكان دڵیان بە تۆپە كۆپییەكەی وەستا رەجەب خۆشە
964+
شلێر سەعید – كۆیە
لە مێژووی كۆیە، دوو تۆپ كە دەستكردی وەستا رەجەب بونە، لەو شارەدا بونیان هەبووە، بەڵام بەپێی سەردەم و قۆناغەكان ئێستا هیچ یەكێك لەو دوو تۆپە لە كۆیە نەماون و لە جێیدا تۆپێكی كۆپیكراویان دروستكردووە و لە بەردەمی قشڵە داییانناوە.
964 لەسەرچاوە مێژوویەكانەوە دەزانێت، لە سەرەتای سەدەی هەژدەی زایینیدا، وەستا رەجەب بە پاڵپشتی، میری میرنشینی سۆران، وەک یەکەمین وەستای کورد، توانیویەتی چەك دروست بكات، لەوانەش دروستكردنی تۆپ، كە تا ئێستاش یەکێک لە تۆپانە لە رواندز پارێزراوە.
فازیل شەورۆ، نووسەر و لێكۆڵیار، بە 964ـی وت “لە کۆیە تەنیا دوو تۆپی وەستا رەجەب هەبووە، تۆپە گەورەکە کە بە تۆپی رەمەزان ناسراوبوو، دوای ساڵی 1984 لەلایەن ئەفسەرێكی عەرەبەوە دەگوازرێتەوە بۆ چوارقورنە، دواتر دەیبەنە مۆزەخانەی (حربی) لە بەغدا و ئێستا لەوێیە”.
لەبارەی دووەمین تۆپیش، شەوڕۆ ئاماژە بە بوونی دەكات و دەڵێت “هەر لە کوردستانە و لەلایەن كەسێكی دڵسۆزی کۆیەوە پارێزراوە”.
ناوبراو چەند جارێك بیرۆكەی دروستكردنەوەی تۆپەكەی وەستا رەجەبی پێشنیار كردووە، بەڵام دەڵێت “بەهۆی زۆری پارەكەی نەتوانراوە دروست بكرێت، دواتر كۆپییەكی ئەو تۆپەمان لەگەڵ فەرمانگەی شوێنەوار دروستكردەوە و ساڵی 2017 ش لەبەردەمی قشڵە پەردەمان لەسەر لادا”.
بەقسەی كەسانی تەمەنداری كۆیە، پێشتر تۆپەكەی وەستا رەجەب “كە بەلای كۆییەكان بە تۆپەکەی مام رەجەب ناسراوە” تا ساڵی حەفتاكانیش بۆ بەربانگكردنەوەی خەڵكی لە رەمەزاناندا بەكار دەهێنرا.
تەنانەت باس لەوەش دەكەن كە دەنگی تەقاندنی ئەو تۆپە هێندە گەورە بووە كە جگە لە ناوەندی كۆیە هەندێ گوندی چواردەوری كۆیەش گوێبیستی بوونە و رۆژوویان پێ شكاندووە.
پێداچوونەوە: فەرهاد حەسەن