پاسێکی قوتابخانە بە ١٧ سەرنشینەوە وەرگەڕا

میدیازان – محەممەد عومەر – هەڵەبجە

لە نزیک مۆنۆمێنتەکەی هەڵەبجە، پاسێکی قوتابخانە بە ١٧ سەرنشینەوە وەرگەڕا و ١٣یان برینداربوون.

سەرجەم سەرنشینەکان خوێندکاری قوتابخانەی حەسەن ئاوای بنەڕەتی کچان بوون کە باڵەخانەکەی لە نزیک مۆنۆمێنتی هەڵەبجەیە و رووداوەکە کاتژمێر ١٢:١٢ی نیوەڕۆ روویداوە لە کاتی گواستنەوەی خوێندکارەکاندا بۆ ماڵەوە.

حەسەن عەبدوڵا، بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە بە میدیازانی وت، رووداوەکە بەهۆی تیژڕەوییەوە بووە و شۆفێری پاسەکە لە کاتی پێچکردنەوە نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێلەکەی بکات و لە ئێستادا لەلایەن پۆلیسی هەڵەبجەوە دەستگیرکراوە.

لای خۆیەوە تەندروستی هەڵەبجە رایگەیاندووە، هیچ کەس بەهۆی رووداوەکە گیانی لەدەستنەداوە، بەڵام ١٣ خوێندکار کە تەمەنیان لەنێوان ٩ بۆ ١٣ ساڵاندایە بریندار بوون.

سەعدی محەممەد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە بە میدیازانی راگەیاند، لەنێو بریندارەکاندا نۆ کەیسی شکاوی، چوار کەیسی لە جێچوون، چوار حاڵەتی ترس و شۆک هەبوون.