ئەم بەرەبەیانییە

هاوپەیمانى 19؛ بە زەبروزەنگ خۆپیشاندانەکەى پێنجوێن بڵاوەى پێکرا

964+

وریا فەتاح

تۆڕی هاوپەیمانی 19 سەركۆنەی هێرشكردنە سەر خێوەتی خۆپیشاندەرانی قەزای پێنجوێن دەكات و داوا دەكات دەستگیركراوان ئازاد بكرێن و لایەنی پەیوەندیدار روونكردنەوە لەسەر ئەم پێشێلكاریانە بدات.

سێ رۆژە ژمارەیەک هاوڵاتیی قەزای پێنجوێن کە دەکەوێتە دوورى (96 كم باكوری رۆژهەڵاتی سلێمانی )، بە هۆی ناڕەزاییان بەرانبەر نرخی كارەبا لەسەر شەقامی ملەكەوە گردبوونەوە و خێوەتیان هەڵدا، لە ماوەی چالاكییەكەیاندا بە شەو و رۆژ سەدان هاوڵاتی كە زۆربەیان گەنج بوون سەردانیان دەكردن و چالاكی هونەریان پێشكەش دەكرد.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، 22ی ئەیلوول 2026، هێزێكی ئەمنی لە سێ لاوە، لە شەقامی سەیدسادق، باشماخ و ملەكەوەوە گەمارۆی خۆپیشاندەرانیان دا و بە زەبری هێز بڵاوەیان پێكردن و كۆمەڵێكیانیان دەستگیركرد و خێمەكەیانیان سوتاند.

بەختیار عەلی مستەفا، یەكێك لە رێكخەرانی خۆپیشاندانەكە بە تۆڕی19ی راگەیاندووە،” هێزەكە دەستیان بە تەقە كرد و هەندێكمان دەربازمان بوو و هەندێكمان دەستگیركران”.

وەک ئەوەى بەختیار باسى کردووە، ئەوانەی دەستگیركراون نەزانراوە كێن، بەڵام دەیان بەشداربوو مۆبایلیان داخستووە كە 40 بۆ 50 كەس دەبن.

بەپێى راگەیەندراوى هاوپەیمانى 19، هەر كەسێك لەو شوێنەبووە هێزە ئەمنییەكە دەستگیری كردوون، لەوانەش ئەو مێردمنداڵانەی فرۆشیار بوون و پەیوەندییان بە خۆپیشاندانەكەوە نەبووە.

بەختیار ئاشكرایكرد كە ئەو هێزە ئەمنییە لە دەرەوەی قەزای پێنجوێنەوە هێندرابوون و دەستگیركراوەكانیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە .

روونیشى کردووەتەوە کە بەشێك لەو هێزە نەكشاونەتەوە لە ملەكەوە و لە شوێنی خۆپیشاندانەكە جێگیركراون.

تۆڕەکە، سەركۆنەی هێرشكردنە سەر خێوەتی خۆپیشاندەرانی قەزای پێنجوێن دەكات و داوا دەكات دەستگیركراوان ئازاد بكرێن و لایەنی پەیوەندیدار روونكردنەوە لەسەر ئەم پێشێلكاریانە بدات.

تۆڕی هاوپەیمانی 19 ژمارەیەک رێكخراو و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دایان مەزراندووە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرەنسیپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵەتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەكە.