داوا دەکەن حکومەت جێیان بۆ تەرخان بکات

نوێنەرانی ئۆتۆمبێلی چینی ئامادەن پێشبڕکێکە دووبارە بکەنەوە

964+

ئەحمەد شەمزین

دوای دوو جار ئەنجامدانی پێشبڕکێ لە نێوان ئۆتۆمبێلی چینی و ئەمریکی، ئەمجارە نوێنەرێکی ئۆتۆمبێلی چینی لە کوردستان ئامادەیی خۆی نیشاندا کە پێشبڕکێکە دووبارە بکەنەوە.

لەسەر دووبارەکردنەوەی پێشبڕکێکە شەهرام عەزیز، کە خاوەنی پێشانگای ئۆتۆمبێلە و لە هەولێر کاری فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی براندی چینی دەکات، بە 964 دەڵێت: ئێمە ئامادەین و ئۆتۆمبێلەکەشمان ئامادەیە، هەر ئۆتۆمبێلێک دەهێنن با بیهێنن.

شەهرام داوای لە حکومەتی هەرێمیش کرد، جێ و رێی گونجاویان بۆ تەرخان بکات تا پێشبڕکێکان بەشێوازێکی سەلامەت و دوور لە مەترسی بەڕێوەبچێت.

لەسەر دووبارەکردنەوەی پێشبڕکێکە، دەنگۆیەک هەبوو کە ئەمجارە لەژێر چاودێری پۆلیسی هاتوچۆ دەبێت، بەڵام هاتوچۆی هەولێر دوێنێ لە راگەیەندراوێکدا ئەو دەنگۆیەی رەت کردەوە و وتی نە چاودێری دەکەین و نە رێگەی پێدەدەین.