دەستەى دەستپاکى عێراق:
مردوویەک هەزاران تۆن گەنمی رادەستى سایلۆى کەرکوک کردووە
وریا فەتاح
لاتان سەیر نەبێت ئەگەر مردوویەک هەزاران تۆن گەنم رادەستى سایلۆ بکات، ئیتر عێراقە و هەر رۆژە و گەندەڵییەکى سەیر ئاشکرا دەبێت، ئەوەتا کەسێکى مردوو هەزاران تۆن گەنمى رادەستى سایلۆ کردووە، لەسەر ئەوەش 31 کەس دەستگیرکراون.
ئەواتا فەرمانی گرتن و دەستگیرکردن بۆ 31 تۆمەتبار لە کۆمپانیای “ما بەین نەهرەین” لە پارێزگای کەرکووک دەرکرا، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانیان لە دۆسیەی گەندەڵی و سەرپێچی لە پرۆسەی وەرگرتن و ڕادەستکردنی گەنمدا.
بەپێی راگەیەندراوێکی دەستەی دەستپاکی، دوای ئەوەی تیمێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی کەرکووک چوونەتە کۆمپانیای “ما بەین نەهرەین” و بەدواداچوونیان کردووە، بۆیان دەرکەوتووە کە بە شێوەیەکی نایاسایی و تەنیا لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا، هەزاران تۆن گەنم رادەستی سایلۆ کراوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجی لێکۆڵەران بووە، ئەو بڕە زۆرەی گەنم بە ناوی سێ هاوڵاتییەوە تۆمار کراوە و پارەکەی بۆ خەرج کراوە، کە یەکێکیان مردووە، لە کاتێکدا هیچ کام لەو سێ کەسە زەوی و پلانی کشتوکاڵییان نەبووە.
لێکۆڵینەوەکان تێوەگلانی و کەمتەرخەمیی 31 کەسیان سەلماندووە کە سەرجەمیان تۆمەتبارن لەم کەیسەدا. لەنێو تۆمەتبارەکاندا فەرمانبەرانی کۆمپانیاکە، بەڕێوەبەرانی پێشوو، لەگەڵ چەند فەرمانبەرێکی بانکی کشتوکاڵیی هەرەوەزیی کەرکووک هەن، کە رۆڵیان هەبووە لە خەرجکردنی پارەی ئەو گەنمە ساختەیەدا.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە، تا ئێستا 10 لەو تۆمەتبارانە دەستگیر کراون و بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان راگیراون، لە هەمان کاتیشدا گەڕان و بەدواداچوون بەردەوامە بۆ دەستگیرکردنی تەواوی تۆمەتبارەکانی دیکە و رووبەڕوکردنەوەیان بە یاسا.