"رەنگە ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر بێ"

لە یەک نەخۆشخانەی هەولێر نزیکەی 57000 نەخۆشی شەکرە تۆمار کراوە

رێباز یونس – هەولێر

تەنیا لە یەک نەخۆشخانەی هەولێر ناوی نزیکەی 57 هەزار کەس تۆمارکراوە کە بەدەست نەخۆشی شەکرەوە دەناڵێنن و رەنگە ئاماری تووشبووانی ئەو نەخۆشییە زۆر لەوەش زیاتر بێ.

بۆ رۆژی جیهانی شەکرە، سەنتەری گەلیاوە بۆ چارەسەری نەخۆشانی شەکرە و کوێرە رژێنەکان، مەڕاسیمێکی سازکرد و رێنمایی و هۆکارەکان و ئاماری تووشبووانی شەکرە خرانەڕوو.

د. دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر لە مەراسیمەکە بوو و قسەی بۆ مایکی 964 کردووە، ئەو دەڵێت، “گەلیاوە سەنتەری سەرەکییە بۆ تۆمارکردنی نەخۆشی شەکرە و لێرە بۆ تەمەنی گەورەساڵان، ناوی 55 هەزار کەس تۆمار کراوە و بۆ منداڵانیش هەزار و 700 تۆمارکراو هەیە”.

“لەبەر ئەوەی نەخۆشی شەکرە نیشانەکانی زوو دەرناکەون، پێشبینی دەکەین ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر بێ، لەوانەیە نزیکەی 50 هەزار کەسی دیکە هەبێ کە ناویان تۆمار نەکرابێ”. د. دلۆڤان وای وت.

داواکاری بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر بۆ هاوڵاتیان ئەوەیە کە هەرچی زووە بڕۆن پشکنینین بکەن، چونکە نەخۆشی شەکرە ئەگەر زوو کۆنتڕۆڵ نەکرێت، چاو کوێر دەکات و برینی مەترسیدار لە قاچ و جەستەدا دروست دەکات.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری