بە هەڕەمەکی دەسوتێنرێن

پاشماوەی ئەلیکترۆنی لە عێراق دەگاتە 150 هەزار تۆن

ئەحمەد مستەفا

زیادبوونی پاشماوەی ئەلیکترۆنی لە عێراق ساڵانە دەگاتە نزیکەی 150 هەزار تۆن، ئەمەش بەهۆی نەبوونی سیستەمێکی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنیان و مەترسییەکانی بۆ سەر ژینگە و تەندروستی گشتی.

ئەمە قسەی روانگەی سەوزی عێراقە، هۆشداریش دەدات لە زیادبوونی.

وەک روانگەکە باسی کردووە، هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخە، نەبوونی سیستەمێکی نیشتمانی تایبەت بە بەڕێوەبردنی پاشماوە ئەلیکترۆنییەکانە، کە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژینگە و تەندروستی گشتی دروست دەکات.

زۆربەی ئەم پاشماوە ئەلیکترۆنییانە لە زبڵدانی شارەوانییەکان فڕێدەدرێن یان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەسوتێنرێت و هەڵدەوەشێنرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی سەدان مادەی کیمیایی ژەهراوی وەک رەساس، جیوە، کادمیۆم و دیۆکسینایت، کە هەوا، خاک و ئاو پیس دەکەن.

بەپێی خەمڵاندنەکانی روانگە، پارێزگای بەغداد زۆرترین پشکی ئەم پاشەڕۆیەی هەیە، کە ساڵانە لە نێوان 60 بۆ 90 هەزار تۆن دەبێت، دوای ئەویش پارێزگای بەسرە دێت بە نزیکەی 25 بۆ 40 هەزار تۆن.