لە کاتی قەدەغەدا راوەماسیان کردووە

لە مردن رزگاریان بوو، بەڵام دەستگیرکران

+964

میلاد جەلال – گەرمیان

شەوی رابردوو سێ کەس بە مەبەستی راوەماسی چوونەتە دەریاچەی دەربەندیخان، بەهۆی نقومبوونی بەلەمەکەیان یەکێکیان خنکاوە، بەڵام دوو کەسەکەی دیکە توانیویانە بە مەلەکردن خۆیان رزگار بکەن و دواتر دەستگیرکراون.

عەمید ھێمن کەمەرخان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستانی سلێمانی بە تۆڕی 964ی راگەیاند، “ئەو دوو کەسەی کە خۆیان رزگارکردووە لە دەریاچەکە، دەستگیرکراون، چونکە بۆ راوەماسی رۆیشتوون، ئێستاش لە وەرزی قەدەغەی راوەماسیداین.”

گەنجەکان تۆڕ و پێداویستی راوکردنیان پێبووە

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەستیگرتووە بەسەر تۆڕ و ئەو پێداویستییانەی کە گەنجەکان بۆ راوەماسی بەکاریانهێناوە، عەمید ھێمن کەمەرخان وای وت.

گەنجە خنکاوەکە ناوی سامان عەبدوڵایە و تەمەنی 37 ساڵە، دانیشتوی قەزای دەربەندیخانە و تاوەکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.

لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ، لە بەرواری 5.3.2023ـەوە قەدەغەی راوەماسی دەستیپێکردووە و تاوەکو 15.6.2023 بەردەوام دەبێت.