وەزارەتی داد:

“راییکردنی مامەڵەکانی خانووبەرە لە هەرێم تەنیا بە کارتی نیشتمانی دەبێت”

فەرهاد حەسەن

وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کە راییکردنی مامەڵەکانی خانووبەرە تەنیا بە کارتی نیشتیمانی دەبێت و ئەمەشی وەکو گشتاندنێک بۆ تەواوی فەرمانگەکانی تۆمارکردنی خانووبەرەی هەرێم ناردووە و دەڵێت “بەبێ کارتی نیشتمانی مامەڵەکان رایی مەکەن”.

وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا، باس لەوە دەکات، کە لە پێناو باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتیان و پاراستنی ماف و موڵک و سامانی زەوی و خانووبەرەکانیان، گشتاندنێکی دەرکردووە سەبارەت بە شێوازی راییکردنی مامەڵەکانی خانووبەرە لە فەرمانگەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان.

بەپێی ئەو گشتاندنە، راییکردنی هەموو مامەڵەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە لە هەموو فەرمانگەکانی تۆمارکردنی خانووبەرەی هەرێم، تەنیا بە (کارتی نیشتیمانی) ئەنجام دەدرێت و هیچ مامەڵەیەک بەبێ پیشاندانی کارتی نیشتیمانی رایی ناکرێت.

داواشی لە سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، دامەزراوەکان و میدیا و راگەیاندنەکان کردووە، هاوکار بن لە گەیاندنی ناوەڕۆکی ئەم گشتاندنە بە پارێزەران و هاوڵاتیان و جەخت لەسەر پێویستی هێنانی کارتی نیشتیمانی بکەنەوە لە کاتی سەردانی فەرمانگەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە، بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامدانی مامەڵەکانیان بەگوێرەی رێنمایی و رێکارە پەسەندکراوەکان.