رێکخراوێکی ژینگەیی کۆیە وادەڵێت
“زیانەکانی ئاگرەکەی هەیبەت سوڵتان سووتانی نزیکەی 60 دۆنمە”
فەرهاد حەسەن
رێكخراوێکى ژینگەیی لە قەزای کۆیە زیانەکانی ئەو ئاگرەی لە هەیبەت سوڵتان کەوتبووەوە بە سووتانی نزیکەی 60 دۆنم مەزەندە دەکات.
رێکخراوەکە، هەناسەی سروشتی پێدەڵێن بۆ هۆشیاری ژینگەیە لە سنوری قەزاکە وپشتی بە داتاکانی وەرگیراو لە وێنە ئاسمانییەکان بەستووە کە تاوەکو نزیکەی کاتژمێر 9:00 ی شەو، رووبەری سووتاوی لاپاڵی رووی کۆیە بە نزیکەی 60 دۆنم پووش، پاوان، دار و دەوەن مەزندە کردووە.
رێکخراوەکە باسی لە لێکەوتە و زیانە سەرەکییەکانی ئەو ئاگرە کردووە کە بووەتە هۆی تێکچوونی ژینگە و دەڵێت “هێنانەوەی هاوسەنگیی سروشتی بۆ ناوچەکە و بوژانەوەی رووەکەکان پێویستی بە دەیان ساڵ هەیە”.
لەبارەی کاریگەری نەرێنیی ئاگرەکەش، ئاماژە بەوەدەکات کە رووداوەکە لێکەوتەی نێگەتیڤی یەکجار زۆری لەسەر ئاژەڵان، خاک و هەوای ناوچەکە جێهێشتووە.
ئگرەکەی چیای هەیبەت سوڵتان دوێنێ نیوەڕۆ بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە لەو شوێنە کەوتەوە و شەوی رابردووش تیمەکانی بەرگری شارستانی بە 964 یان وتبوو توانیویانە دوای نۆ کاتژمێر ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا بەفەرمی هیچ ئامارێکیان لەبارەی زیانەکنی ئەو یاگرە بڵاونەکردووەتەوە.