لۆگۆی پۆلیسی گەرمیان
پۆلیسی گەرمیان؛ سوکایەتیی ناو کۆمێنت سزای زیندانیکردنی لەسەرە
964+
پەری ساڵح
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە هاوڵاتییان دەکات لە کاتی ئاڕاستەکردنی کۆمێنت و را دەربڕین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، پارێزگاری لە رێز و شکۆی یەکتر بکەن و خۆیان لە تەشەر، ناوزڕاندن و سوکایەتیکردن بە کەسایەتیی هاوڵاتییان بپارێزن، دەنا سزا دەدرێن
عەقید سۆران محەمەد غەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند: “داوا لە هاوڵاتییان دەکەین پابەندی یاسا بن و دووربن لە دەستبردن بۆ هەر وشە، دەستەواژە، یان تانە و تەشەرێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کە ببێتە هۆی لەکەدارکردن، ناوزڕاندن، بوختان، تۆمەتبارکردن یان سوکایەتیکردن بە هەر کەسێک، ئەگەر کەسێک بەهۆی کۆمێنت یان بڵاوکراوەیەکەوە لەکەدار بکرێت یان سوکایەتی و بوختانی پێ بکرێت، مافی رەوای خۆیەتی سکاڵای یاسایی تۆمار بکات.
ئاماژە بەوەش دەکات سەرپێچیکار رووبەڕووی لێپرسینەوەی توندی یاسایی دەبێتەوە و لە هەندێک حاڵەتیشدا سزای بەندکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت.
پۆلیسی گەرمیان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئازادیی دەربڕین بەرپرسیارییەتییەکی یاسایی و کۆمەڵایەتییە، هەربۆیە پێویستە هاوڵاتییان بە بەرپرسیارییەتییەوە کۆمێنت بنووسن چونکە ئازادیی دەربڕین هاوتا و یەکسانە بە رێزگرتن لە شکۆی مرۆڤەکان.