"خزمایەتی لە نێوان بەڕێوەبەر و قوتابییەکان نییە"
پەروەردەی کەرکوک لەسەر سێ براکەی %100 هێناوە بە توندی هاتە دەنگ
964+
پەری ساڵح
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگای کەرکوک لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بە سێ قوتابییە یەکەمەکەی شاری کەرکوک بڵاوکراونەتەوە و جەختی کردەوە کە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانەی ئەو هەواڵەیان بڵاوکردووەتەوە دەگرنە بەر.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتوو ئەو دەنگۆیانەی ئاماژە بەوە دەکەن گوایە پەیوەندی خزمایەتی لە نێوان بەرێوەبەری بنکەی تاقیکردنەوەکان و ئەو سێ قوتابییەی نمرەی تەواویان (%100) بەدەستهێناوە هەیە، دوورن لە راستییەوە، پەروەردەی کەرکوک روونی کردووەتەوە کە بەڕێوەبەری بنکەکە مامۆستا (قەیسەر حەسەن عەبدوڵڵا)یە و بە فەرمانی کارگێڕی فەرمی راسپێردراوە و هیچ پەیوەندییەکی خزمایەتی لەگەڵ ئەو سێ قوتابییەدا نییە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو سێ قوتابییە برای یەکترن و ئەم سەرکەوتنەیان بەرهەمی هەوڵ و ماندووبوونی خۆیان بووە؛ وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتوو، ساڵی رابردووش برا گەورەکەیان نمرەی %100ی بەدەستهێنابوو و لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە rێزلێنانی فەرمی لێکرابوو.
پەروەردەی کەرکوک ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم هەڵمەتانەبە بۆ ناوزڕاندنی دامەزراوەی پەروەردەیی و کارمەندەکانیانە، راشیگەیاندووە کە تەواوی مافی یاسایی خۆیان بەکاردێنن و سکاڵا لەسەر سەرجەم ئەو پەیج و کەسانە تۆمار دەکەن کە هەواڵی ناڕاستییان بڵاوکردووەتەوە.