شەڕ و ئاڵۆزییەکان هۆکارن

عێراق لە شەش مانگدا زیاتر لە 300 ملیۆن بەرمیل نەوتی لەدەستداوە

فەرهاد حەسەن

بەپێی نوێترین ئامار، لەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە و تێیدا دەرکەوتووە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە زیانێکی گەورەیان بە کەرتی نەوت گەیاندووە.

روانگەی “ئیکۆ عێراق” روانگەیەکی سەربەخۆی ئابوورییە، بە شێوەیەکی بابەتیانە چاودێری پرسەکانی عێراق و ناوچەکە دەکات، شیکاریی ورد پێشکەش دەکات بۆ پاڵپشتیکردنی زانیاری و بڕیاردان.

بەپێی راپۆرتێکی ئەم روانگەیە، عێراق لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بڕی 440.3 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، بەڵام بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی و شەڕەوە، بڕی 302.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی لەدەستداوە، ئەگەر بەراورد بکرێت بە ئاستی بەرهەمهێنانی ئاسایی لە کاتی ئاشتیدا.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەرهەمهێنانی نەوت لە دوو مانگی یەکەمی ساڵدا (کانوونی دووەم و شوبات) لە ئاستێکی ئاساییدا بووە و رۆژانە زیاتر لە 4.1 ملیۆن بەرمیل بووە، بەڵام دواتر بەهۆی شەڕەوە دابەزیوە.

بەپێی ئامارەکە، لە مانگی کانوونی دووەم 4.097 ملیۆن بەرمیل بەرهەمی رۆژانەی بووە، لە مانگی شوبات 4.140 ملیۆن بەرمیل بووە، بەڵام لە مانگی ئازار دابەزیوە بۆ 1.906 ملیۆن بەرمیل و لەمانگی نیسان دابەزیوە بۆ 1.663 ملیۆن بەرمیل و  لە مانگی ئایار کەمترین ئاستی تۆمارکردووە کە 1.406 ملیۆن بەرمیل بووە و لە مانگی حوزەیرانیش کەمێک بەرزبووەتەوە بۆ 1.525 ملیۆن بەرمیل.

روانگەی “ئیکۆ عێراق” ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەم دابەزینە بەرچاوە، دەرەنجامی راستەوخۆی شەڕ و کاریگەرییە جیۆپۆلیتیکییەکان بووە لەسەر پڕۆسەی هەناردەکردن و کێڵگە نەوتییەکاندا.

داواشی لە حکومەت کردووە کە چارەسەری راستەقینە بدۆزێتەوە بۆ پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکان و دۆزینەوەی رێگەی جێگرەوە بۆ هەناردەکردن، وەک پڕۆژەی “رێگای شام”، تاوەکو ئابووری عێراق کەمتر بکەوێتە ژێر کاریگەریی قەیرانە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان.