لە گەڕەکێکی کەلار

منداڵێک کەوتە ژێر ئۆتۆمبێل و گیانی لەدەستدا

میلاد جەلال – گەرمیان

لە کەلار منداڵێک کەوتە ژێر ئۆتۆمبێل و گیانی لەدەستدا.

سۆران محەمەد غەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە 964ـی وت، “کاتژمێر 8ـی ئەمشەو لەگەڕەکی بەردەسوور لەقەزای کەلار، ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا لاندکروزەر منداڵێکی شێلاوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە”.

“منداڵەکە کچە و لەبەردەم ماڵی خۆیان بووە، تەمەنی سێ ساڵانە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە”، سۆران محەمەد غەریب وای وت.

هەر لەسەر ئەو رووداوە، رەفیق قادر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەھید ھەژار لەکەلار بە 964ـی وت، کاتێک منداڵەکە گەیەنراوەتە نەخۆشخانە گیانی سپاردبوو، لە ئێستادا تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی کەلار کراوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری