"درەنگ یا زوو یاسا یەخەیان دەگرێت"

کێبڵی کارەبای تاوەرەکانی ناو پارکی خورماڵیان دەرهێناوە

شۆڕش قادری

لە خورماڵ کەسانێک کێبڵی کارەبای تاوەرەکانی ناو پارکەکەیان دەرهێناوە و لەسەر رێگای هاوڵاتیان و منداڵان دایانناوە، ئەوەش مەترسی بۆ سەر ژیانیان دروست کردووە.

سەرۆکایەتی شارەوانی خورماڵ ڤیدیۆی ئەو رووداوەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، “شەوی رابردوو کێبڵی تاوەری رووناکی پارکی گشتیی خورماڵیان دەرهێنا، کە ئەمە لەلایەن کەسانی شارەزا و بەمەبەست کراوە”.

دەشڵێت، پێشتریش چەندینجار زیانیان بە موڵک و ماڵی گشتیی گەیاندووە، بۆ نموونە، رۆژی 16.5.2026 هەوڵی دزینی محاویلەی ناو پارکەکە دراوە  و رۆژی 18.5.2026 چەند کورسییەک لەناو پارکەکە شکێنراون.

شارەوانی خورماڵ روو لەو کەسانەی فێعلەکەیان کردووە، دەڵێت، “بەڕاست ئەگەر منداڵێک دەستی لەو سیم و کێبڵانە بدایە و گیانی لەدەستبدایە، ئێوە خەیاڵتان ئاسوودە دەبوو؟!”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوە دەستدرێژییە بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتیی و بەرژەوەندیی گشتیی خورماڵ، ئەوانەی بەو کارانە هەستاون، بەرژەوەندیی نامەشروع و ناڕەوایان کەوتووەتە مەترسییەوە و ترسیان لە جێبەجێکردنی یاسایە، کە درەنگ یا زوو یەخەیان دەگرێت.

پارکی گشتیی خورماڵ یەکێکە لە سیمبولە جوانەکانی خورماڵ، بەدەست و پەنجەی کارمەندانی بەشی باخچەکانی شارەوانیی سەوزکراوە و بەردەوام خزمەت دەکرێت، بەڕاستی حەیفە لەلایەن هەندێک کەسەوە و بەو شێوەیە تێک بدرێت.