باڵیۆزەکەیان لە ژووری بازرگانی بوو

لە هەولێر “ئۆزبەکییەکان” ماڵێکی تایبەتی بازرگانی دەکەنەوە

فەرهاد حەسەن

ژووری بازرگانیی هەولێر بڵاویکردووەتەوە دوای ئەوەی شاندێکی باڵایان سەردانی ئۆزبەکستانی کردبوو، ئەمڕۆ باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە هەولێر سەردانی کردوون پێی وتوون بەم زووانە “ماڵی ئۆزبەکستان” دەکەینەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی ژووری بازرگانی، باڵیۆزی ئۆزبەکستان سوپاس و پێزانینی قوڵی خۆی ئاڕاستەی سەرۆکی ژوور کردووە بۆ ئەو سەردانە مێژووییەی شاندەکە بۆ ولاتەکەیان و ئامادەیی و پاڵپشتیی تەواوی باڵیۆزخانەکەی بۆ هەموو جۆرە هەماهەنگییەك دەربڕیوە و مژدەی ئەوەشی پێداون کە لە داهاتوویەکی نزیکدا پڕۆژەی “ماڵی ئۆزبەکستان” لە شاری هەولێر دەکرێتەوە.

ماڵەکە، دەبێتە ناوەند و پێشانگایەکی هەمیشەیی بۆ نمایشکردنی کاڵا و بەرهەمە ئۆزبەکییەکان، بە مەبەستی کارئاسانی بۆ بازرگانان و ئاشناکردنی هاوڵاتیانی هەرێم بە بەرهەمەکانی ئەو وڵاتە.

باڵیۆزی ئۆزبەکستان جەختی لە پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەك لەلایەن حکومەتی وڵاتەکەیەوە بۆ خاوەنکاران و بازرگانانی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و ئاماژەی بەوەشداوە کە هانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانیان دەدەن بۆ ئەوەی رووبکەنە هەرێمی کوردستان و بەشداری کارا لە پێشانگا نێودەوڵەتییەکاندا بگێڕن.