کرێی پاسی دەربەندیخان بووە ٥٠٠ دینار

میدیازان – دیلان محەمەد و محەمەد عومەر

کرێی گواستنەوەی سەرنشین بە پاسەکانی ناو شاری دەربەندیخان لە ٧٥٠ دینارەوە بۆ ٥٠٠ دینار کەمکرایەوە، بە بڕیاری قائیمقامی قەزاکە.

پێشتر بەهۆی گرانی نرخی سوتەمەنیەوە بۆ ٧٥٠ دینار بەرزکرابووەوە.

سلێمان محەمەد، قائیمقامی دەربەندیخان بە میدیازانی وت، “بەھۆی دابەزینی نرخی سوتەمەنی لیژنەیەک لەسەر ئەو بابەتە پێکھێندرا لە قائیمقامیەت و گواستنەوە و ھاتوچۆ بۆ ئەوەی نرخی کرێی گواستنەوە بە پاس ھەرزان بکرێت، دواجار بڕیاری لەسەر درا”.

ئەو دەڵێت، داوایان لە شۆفێرانی تاکسیش کردووە، بەپێی توانا کرێی گواستنەوە کەم بکەنەوە.

میدیازان لێدوانی هاوڵاتیانی وەرگرت، بۆ ئەوەی بۆچوونیان بزانێت، بەخشین سابیر، دانیشتوی دربەندیخان پێی وتین، “رەنگە خەڵکی پێیان وابێت ٧٥٠ دینار گران نییە، بەڵام ئێمە کاروباری رۆژانەمان بە پاسەکان دەکەین و کەمکردنەوەی کارێکی باشە”.

لە ئێستادا لە تەواوی قەزای دەربەندیخان ٧٣ پاسی گواستنەوەی ناوخۆیی ناوشارەکە هەن کە رۆژانە کار دەکەن.