ئومێد خۆشناو: 

“رێکاری توند بەرامبەر سەرپێچیکارانی بازاڕی سووتەمەنی دەستپێدەکات”

964+

شۆڕش قادری

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، فەرمانی پەیوەست بە دابەزاندنی نرخی بەنزین گشتێندراوە و لە سبەینێوە رێکارەکان بەرامبەر سەرپێچیکارانی بازاڕی سووتەمەنی دەستپێدەکات.

ئۆمێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، “لە سبەینێوە رێکاری توند و یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکارانی بازاڕی سووتەمەنی لە ته‌واوی سنووری پارێزگای هەولێر دەستپێدەکات”.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیار و فەرمانی دابەزاندنی نرخی بەنزینیان گشتاندووە و سەرجەم فەرمانگە حکومی و لایەنە ئەمنی و کارگێڕییە پەیوەندیدارەکانیان لێ ئاگادار کردووەتەوە بۆ ئەوەی رێکارەکان بە باشترین شێوە جێبەجێ بکرێن.

ئۆمێد خۆشناو راشیگەیاند، لە سبەینێوە هێزە ئەمنی و کارگێڕییەکان و لیژنە مەیدانییەکان دەست بە جێبەجێکردنی رێکارەکانی پەیوەست بە دابەزاندنی نرخی بەنزین دەکەن، بە ئامانجی رێگریکردن لە هەر جۆرە قۆرخکاری و بەرزبوونەوەی پێشێلکارانەی نرخ لە بازاڕدا.

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕیاریدا، بەنزینی نۆرماڵ لە بەنزینخانەکان بە 850 دینار زیاتر نەفرۆشرێت.