قایمقامییەت رێکیخستووە
لە رانیە بەپێی رۆژەکانی هەفتە و ژمارەی کۆتای تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان بەنزین دابەش دەکرێت
فەرهاد حەسەن
قایمقامییەتی رانیە، پلانێکی نوێی بۆ دابەشکردنی بەنزین بە هاوڵاتیان داناوە، ئەویش بەپێی رۆژەکانی هەفتە و ژمارەی کۆتای تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانە .
پلانەکە لەئەمڕۆ سێشەممە 18.8.2026 دەستپێدەکات و بۆ هەر ئۆتۆمبێلێکیش 40 لیتر دابەشدەکرێت و لە سەرجەم ناحیەکانی تریش جێبەجێ دەکرێت.
قایمقامییەت دەڵێت، ئامانج لەم شێوازی دابەشکردنە بۆ ئەوەیە زۆرترین هاوڵاتی لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین تێیدا سوودمەند بێت و کەس نەتوانێت لە هەفتەیەکدا زیاتر لەجارێک سوودمەند بێت و مافی هاوڵاتیەکی دیکە ببات و ژمارەی کۆتای تابلۆ بۆیە دیاریکراوە بۆئەوەی زۆرترین هاوڵاتی سوودمەند بێت .
بەپێی ئەو رێکخستنەی قایمقامییەت کردوویەتی رۆژانی شەممە سیارەی ئارم و بێسەرەتاکان بەنزین وەردەگرن، یەکشەممە کۆتا ژمارەی تابلۆکانیان 0 یاخود 1، دووشەممە کۆتا ژمارەی تابلۆکانیان 2 یان 3، سێشەممە کۆتا ژمارەی تابلۆکانیان 4 یان 5، چوارشەممە کۆتا ژمارەی تابلۆکانیان 6 یان 7 و پێنجشەممەش کۆتا ژمارەی تابلۆکانیان 8 یان 9.
داوا لە هاوڵاتیان کراوە، پابەندی رێنمایی لیژنەکان بن بە وەستان بە تەنیا یەک ریز و قبوڵکردنی گیانی هاوکاری و رێزگرتن لە کارمەندی بەنزینخانە و ستافی سەرپەرشتیار بە پێچەوانەوە هاڵاتیەکە بێبەش دەکرێ لە پێدانی ئەو بڕە بەنزینەی کە بۆی دیاریکراوە .