"دەرزی نەبێ کوڕەکەم سەقەت دەبێت"
کەسوکار و نەخۆشانی هیمۆفیلیا لە بەردەم نەخۆشخانەی هیوا گردبوونەوە
رازاو محەمەد – سلێمانی
بەهۆی نەمانی دەزرییەوە کەسوکاری نەخۆشانی هیمۆفیلیا لە بەردەم نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی گردبوونەوە و دەڵێن؛ ئەگەر حکومەت دابینی نەکات خۆیان توانای کڕینییان نییە و لە بازاڕیشدا نییە.
دایکێک لە کوڕەکەی تووشبووی ئەو نەخۆشیەیە، بە 964ـی وت، “هاتووم بەڵکو خوایە شتێکمان بۆ بکەن و تەنیا داواکارییمان دەرزییە، رێگە بە کوڕەکەم نادەم، نە بچێتە یاریی، نە پاسکیل لێبخوڕێت، بەو حاڵەوە گەورە دەکرێت، دەرزی نەبێ جومگەکانی سەقەت ئەبێت”.
کەسوکاری تووشبووەکان ئاماژە بەوەش دەکەن کە نەخۆشەکانیان پێویستیان بە نەشتەرگەری و چاودێری بەردەوام هەیە، بەڵام بەهۆی کەمیی دەرمانەوە هیچ دکتۆرێک ناتوانێت چارەسەری پێویستیان بۆ بکات، داوا لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن کە بە هانایانەوە بچن و دەرز و چارەسەری پێویستیان بۆ دابین بکەن.
زانیار عادل، سەرۆكی كۆمەڵەی هیمۆفیلیا لە سلێمانی، بە 964 وت نرخی هەر دەرزیەك نزیكەی 500 دۆلارە و لە دەرمانخانەكاندا دەست ناكەوێت، دابینكردنی ئەو دەرزیانە ئەركی حكومەتە، چونكە نەخۆشانی هیمۆفیلیا دەبێت مانگانە چەندین جار بەکاریبهێنن و بەبێ ئەو چارەسەرە ژیانیان لە مەترسیدایە و ناتوانن بە شێوەیەكی ئاسایی بژین.
دایکی یەکێک لە نەخۆشەکان دەڵێت؛ کە کچەکەی سەرەڕای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ، ئێستا بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە بە دەست نەخۆشییەکەیەوە دەناڵێنێت و ئەگەر چارەسەریان بۆ دابین نەکرێت، لەبەردەم مەترسی مردندان.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح