دیمەنێک لە هێرشی ئاسمانی - وێنە: ئاژانسەکان
لیستێک لای هەرێمی کوردستانە
بەغدا هەنگاو بۆ دەستگیرکردنی هێرشکارەکانی سەر هەرێم دەنێ
ئەحمەد مستەفا
بەغدا لە نزیکبوونەوەی جێبەجێکردنی پلانێکی “کرداری یەکلاکەرەوە” یە، دژی ئەو بەرپرس و گرووپانەی پەیوەندیدارن بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هەرێمی کوردستان و لیستێک پێش چوار مانگ ئامادە کراوە.
رۆژنامەی مەدا، ئەمڕۆ یەکشەممە 19.7.2026، بە گوێرەی سەرچاوەکانی خۆی نووسیویەتی کە لایەنە جێبەجێکەرەکان “ناسراون و نەناسراو نین”، بڕیاری دەستبەسەرکردنیانیش “یەکلا کراوەتەوە”.
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت ناوەکانی تۆمەتباران ئاشکرا بکرێن و بخرێنە بەردەم رای گشتی، کە ئەگەر جێبەجێ بکرێت هەنگاوێکی دەگمەن دەبێت.
هەمان سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە هەندێک لە گرووپە چەکدارەکانی ژێر چاودێری دەستیان کردووە بە ئامادەکاری بۆ جوڵانەوە، بەڵام ئاماژە دەکرێت هەر هەوڵێکی تازە بە وەڵامێکی راستەوخۆ یان دەستبەسەرکردنی پێشگیرانە وەڵام بدرێتەوە.
لە هەمان کاتدا، هەڵسەنگاندنەکان دەڵێن، هەر هێرشێکی داهاتووی توندوتیژی و کاردانەوەی گروپە چەکدارەکان رەنگە ئامانجی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان، بنکە سەربازییە عێراقییەکان یان کۆمپانیا بیانییەکانی بواری نەوت بگرێتەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، بەغدا لە چەند کاتژمێری داهاتوودا لەنێوان دوو ڕێگا هەنگاو دەنێت، یەکێکیان بۆ دەستبەسەرکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکان لە دژی هەرێمی کوردستان دەڕوات، و ئەوی دیکەش دەرگای گەڕانەوەی پێکدادان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان دەکاتەوە، ئەگەر ململانێی ئەمریکا و ئێران فراوانتر ببێت.
ئەم هەنگاوە دوای چوار ڕۆژ لە هێرشە یەک لە دوای یەکەکان دێت، لە کاتێکدا ئامارێکی نافەرمی ئاماژە دەکات لە پێنج مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 90 هێرش تۆمار کراون و نزیکەی 170 کوژراو و برینداریان لێ کەوتووەتەوە.
سەرچاوە ئەمنییەکان دەڵێن لایەنە جێبەجێکەرەکان “ناسراون”، و ئاماژە دەکەن کە دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان پێش چوار مانگ لیستێک لە ناوی ئەو کەسانەیان وەرگرتووە کە بە تۆمەتەوە پەیوەندییان بەو هێرشانە هەیە.
راپۆرتەکە هەروەها ئاماژە دەکات کە دەسەڵاتەکان جوڵەی نێوان 7 تا 10 گرووپی چەکداری ژێر چاودێری داناوە کە پێیان وایە پەیوەندییان بە راستەوخۆ بە سوپای پاسدارانی ئێران هەیە و لێکۆڵینەوەی نهێنی بۆ ئەوەش دەکرێت کە ئایا لە هێرشەکان دژی بنکەکانی ئەمریکا لە بەحرەین، کوەیت و ئۆردن بەشدارییان کردووە یان نا.