کێشەکە جیهانییە

کێشەیەکی تەکنیکی فەیسبووکی راگرت

پەری ساڵح

تۆڕی کۆمەڵایەتی “فەیسبوک” رووبەڕووی گرفتێکی تەکنیکیی کتوپڕ بووەوە، کە بەهۆیەوە بەشێکی زۆر لە بەکارهێنەرانی لە سەرانسەری جیهان نەیانتوانی بچنە ناو ئەکاونتەکانیان و نامەی ئاگادارکردنەوەی پەککەوتنی کاتییان پێگەیشت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ژمارەیەکی زۆر لە بەکارهێنەرانی فەیسبووک رایانگەیاند کە لە کاتی بەکارهێنانی تۆڕەکەدا، نامەیەکی کتوپڕیان بۆ دەرکەوتووە کە تێیدا هاتووە: “ئەکاونتەکەت بۆ ماوەیەکی کاتی بەردەست نییە (Account Temporarily Unavailable)، ئەمەش بەهۆی بوونی کێشەیەک لە سێرڤەرەکەدا؛ چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەیەکی کورتدا چارەسەر بکرێت و تکایە دوای چەند خولەکێکی دیکە تاقی بکەرەوە.”

سەبارەت بەم کێشەیە، شارەزایانی بواری تەکنەلۆجیا دڵنیایی دەدەنە بەکارهێنەران و رایدەگەیەنن:

کێشەکە گشتییە: ئەم گرفتە پەیوەندی بە سێرڤەرە سەرەکییەکانی (Servers) کۆمپانیای مێتاوە هەیە و بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە سزادان، هاککردن یان سڕینەوەی ئەکاونتی کەسییەوە نییە.

کاریگەرییەکەی سنووردارە: گرفتەکە زیاتر لەلای ئەو کەسانە دەرکەوتووە کە لە رێگەی وێبگەڕەکانەوە (لەسەر کۆمپیوتەر یان مۆبایل) چوونەتە ناو فەیسبووک، لە کاتێکدا لەلای بەشێکی دیکە لە بەکارهێنەران ئەپڵیکەیشنەکە بە شێوەیەکی ئاسایی کاردەکات.

شارەزایان داوا لە بەکارهێنەران دەکەن لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشەیەدا بە هیچ شێوەیەک پەلە نەکەن لە گۆڕینی وشەی تێپەڕ (Password) یان گرتنەبەری رێکاری ئاڵۆز بۆ گەڕاندنەوەی ئەکاونتەکانیان. باشترین چارەسەر تەنها چاوەڕوانکردنە بۆ چەند خولەکێک و پاشان نوێکردنەوەی (Refresh) لاپەڕەکە، چونکە تیمەکانی پشتیوانی تەکنیکی مێتا سەرقاڵی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکەن.