ئاڵای هەرێمی کوردستان و ئەمریکا - وێنە: A.A
گرێبەستەکان بایی 60 ملیار دۆلارن
ئەو سێ هۆکارەی کورد دەکات بە سوودمەندی گەڕانەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان
ئەحمەد مستەفا
دۆخە ئەمنییەکان نەبێتە سەرئێشە بۆیان، گەڕانەوەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەمریکا کاریگەری کەم وێنەی لەسەر نەخشەی نوێی وزە و ئابووری لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێ، پسپۆڕێکی گرێبەست نێودەوڵەتیەکان دەڵێ، دەرفەتە بۆ غازی هەرێمی کوردستان.
لە سەردانەکەی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا، واژۆکردنی گرێبەست و یاداشتی لێکتێگەیشتن بە بەهای زیاتر لە 60 ملیار دۆلار لە نێوان عێراق و کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بوارەکانی وزە، تەندروستی و تەکنەلۆژیا کراوە.
رێبوار محەمەد، پسپۆڕی گرێبەستە نێودەوڵەتییەکان بە 964ی وت، ئەمە متمانەی نوێی سیاسی،حکومەتەکەی عەلی زەیدی بە گرتنەبەری سیاسەتی “دەرگای کراوە” و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ژینگەیەکی سەقامگیری بۆ گەڕانەوەی وەبەرهێنەرە جیهانییەکان رەخساندووە، وە بەدیلی ستراتیژی بۆ گەرووی هورمزە.
بەتایبەت، کە کۆمپانیای (شیڤرۆن) وەبەرهێنان لە بۆرییەکی نوێدا دەکات بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق بەرەو کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست (لە ڕێگەی سوریاوە)، بەمەش مەترسییەکانی داخستنی گەرووی هورمز تێدەپەڕێنێت، هەروەها کۆمپانیای (کۆنۆکۆفیلیپس) پشکی 42%ی لە پڕۆژەی کۆمپانیای (بی پی) لە کەرکوک بەدەستهێناوە بۆ دووبارە گەشەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی گرنگ.
هەرێمی کوردستان چۆن سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت؟
ئەو پسپۆڕە بە چوار هۆکار روونی دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە چەند رەهەندێکەوە سوود لەم وەرچەرخانە ئابوورییە وەربگرێت، ئەوانیش هاوبەشی لە پەرەپێدانی کێڵگەکانی باکوور، بەهۆی نزیکی جوگرافی کێڵگەکانی کەرکوک لە هەرێم، پەرەپێدانی ئەو کێڵگانە لەلایەن کۆمپانیاکانی (بی پی) و (کۆنۆکۆفیلیپس) دەرفەتە بۆ هەماهەنگی تەکنیکی، ئاڵوگۆڕی شارەزایی و بەگەڕخستنی ژێرخانی هاوبەش.
هەروەها، راکێشانی کۆمپانیا جیهانییەکان بۆ کەرتی غاز وە کەشوهەوای ئەرێنی وەبەرهێنان لە عێراق دەکرێت بگوێزرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، وە دەتوانێت سوود لەو کۆمپانیایانە وەربگرێت بۆ پەرەپێدانی کێڵگە غازییەکانی خۆی (وەک کۆرمۆر) بۆ دابینکردنی وزەی ناوخۆیی و هەناردەکردن.
هەروەک، بەشداربوون لە پڕۆژەی بۆرییە بەدیلەکان، کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت لەگەڵ بەغدا بچێتە دانوستان بۆ ئەوەی تۆڕی بۆرییەکانی خۆی بەستنەوەی پێوە بکرێت بەو بۆرییە ستراتیژییە نوێیانەی بەرەو دەریای ناوەڕاست دەڕۆن، بۆ دابینکردنی رێگایەکی ئارام بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان.
رێبوار محەمەد بە دەرفەتی دەزانێ رێگەیەک بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و وتی، بووژانەوەی ئابووری عێراق و نزیکبوونەوەی لە ئەمریکا، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ هەرێمی کوردستان تا لە رێگەی دیپلۆماسییەت و بەغداوە، دۆسیەی نەوت، بودجە و شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوازێکی بنەڕەتی چارەسەر بکات.
48 رێککەتننامە
سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی فالح زەیدی، بۆ واشنتن لە تەممووزی 2026، بووە هۆی واژۆکردنی 48 رێککەوتننامە، یاداشتی لێکگەیشتن و هاوبەشیی ئابووریی گەورە لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەتی عێراق و کۆمپانیا باڵاکانی ئەمریکا.
وەک پسپۆڕان باسی دەکەن، ئەم پێشهاتە وەرچەرخانێکی گرنگە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، کە تێیدا جەخت لەسەر گۆڕینی هاوبەشییەکە لە بواری سەربازییەوە بۆ بواری کەرتی دارایی، وزە و وەبەرهێنان کراوەتەوە.