پاسپۆرتى سلێمانى:

دەنگۆکان راست نین؛ تێچووى دەرکردنى پاسپۆرت کەمى نەکردووە

وریا فەتاح

پاسپۆرتى سلێمانى ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە کە باس لە کەمکردنەوەى نرخى تێچووى پاسپۆرت دەکەن و دەڵێت: وەزارەتی ناوخۆی عێراق هیچ بڕیارێکی لەو جۆرەی نەداوە.

سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، ئەو هەواڵانەی باس لە کەمکردنەوەی رسووماتی دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت دەکەن، هیچ بنەمایەکی راستییان نییە.

ئاماژەی بەوە کرد کە نرخەکان وەک خۆیان ماونەتەوە و هیچ بڕیارێکی نوێ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە لەو بارەیەوە دەرنەچووە.

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی روونی کردەوە کە رسووماتی پاسپۆرت ماوەی 3 ساڵە کراوەتە 91 هەزار دینار. ئەم نرخە پەیوەندی بە گرێبەستێکی 10 ساڵەی نێوان حکومەتی فیدراڵ و کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتەوە هەیە.

سالار عەبدوڵا ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر حکومەت بیەوێت نرخەکە کەم بکاتەوە، دەبێت بۆ 7 ساڵی داهاتوو قەرەبوویەکی دارایی زۆری ئەو کۆمپانیایە بکاتەوە، ئەمەش وادەکات کەمکردنەوەی نرخەکە لە ئێستادا کارێکی قورس بێت.

سەبارەت بە سەرچاوەی هەواڵەکە، عەمید سالار عەبدوڵا ئاشکرای کرد کە ئەوەی بڵاوکراوەتەوە تەنیا پێشنیازی پەرلەمانتارێک بووە بۆ حکومەت، نەک پڕۆژە یاسا یان بڕیاری حکومی.

جەختی لەوەش کردەوە کە بە ئەگەرێکی زۆر نرخەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە، چونکە حکومەتی فیدراڵ هیچ ئامادەکارییەکی بۆ گرتنە ئەستۆی تێچووی قەرەبووکردنەوەی کۆمپانیاکە نەکردووە.

پێشتر پەرلەمانتارێکی عیراق رایگەیاندبوو، تێچووی دەرکردنی پاسپۆرت 10 هەزار دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت و هەوڵ دەدات بڕی ئەو پارەیە کەم بکرێتەوە کە لە بەرامبەر دەرکردنی پاسپۆرتدا لە هاووڵاتییان وەردەگرێت.