"کەلتووری کوردەواری زیندوو دەکەینەوە"

خێزانێك لە شارباژێر بە دانوولە كوڵاندن بژێوی ژیانیان دابین دەکەن

رازاو محەمەد – سلێمانی

خێزانێك لە شارباژێر بە دانوولە كوڵاندن بژێوی ژیانیان دابین دەکەن و وەک خۆیان دەڵێن، لەو رێیەوە هەم کەسابەت دەکەن، هەمیش کەلتووری باوباپیرانیان زیندوو دەکەنەوە.

کاڵێ سەعید و خالید رەسوڵ ژن و مێردێکی دەستڕەنگینن و لە گوندی قشڵاخی شارباژێر لە پارێزگای سلێمانی نیشتەجێن، ئەوان قسەیان بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێن، “ئیشەکە زۆر زەحمەت نییە، ئەم کارە لە باوباپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە و چێژی لێ دەبینین”.

ئەوان باسی چۆنێتی ئامادەكردنەكەی دەكەن و دەڵێن، سەرەتا گەنمەکە بە باشی دەشۆردرێتەوە، پاشان لە مەنجەڵێکی گەورە دەکوڵێندرێت تا نەرم ببێت، لەو قۆناغەدا دەتوانرێت وەک دانوولە بخورێت، دواتریش لەبەر هەتاو وشک دەکرێتەوە و دەهاڕدرێت بۆ ئەوەی ببێتە ساوەر.

رۆژانی پێنجشەممە و هەینی کە خەڵک بۆ گەشت و سەیران دەچنە سروشتە جوانەکەی شارباژێر، بازاڕی کاڵێ و خالید گەرمە، چونکە وەک خۆیان دەڵێن، ئیشەکەیان بێ غەل و غەشە و کەس نەبووە تا ئێستا لێیان ناڕازی بێت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری