شەوی رابردوو چی گوزەرا؟

لە تەقینەوەکەی تاسڵوجە تا گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەراست

ژووری هەواڵ

شەوێکی ئاڵۆز لە ناوچەکە؛ کۆی گرنگترین رووداوە ئەمنی و سەربازییەکانی شەوی رابردوو لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست:

📌دەوربەری کاتژمێر 8.30 خولەکی شەوی رابردوو، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز تاسڵوجەی سلێمانی هەژاند و ئاگرێکی گەورە کەوتەوە، هەرچەندە تا ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی روونکردنەوەی نەداوە، بەڵام بەپێی قسەی شایەتحاڵان و هاوڵاتیانی نزیک لە ناوچەکە ئامانجەکە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی بووە، دواتریش بەشێک لە ماڵەکانی چواردەوری بەهۆی بوونی دووبارە مەترسی و تەقینەوە چۆڵیان کرد.

📌دوای تەقینەوەکەی تاسڵوجە دەنگێکی تری بەهێز لە سلێمانی بیسترا و بە درۆن هێرشکرایە سەر چەند ناوچەیەکی تری کوردستان، وەک چیاکانی هەریر و هەولێر.

📌 دژەتیرۆری کوردستان؛ هێزەکانی هاوپەیمانان پێنج درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاند و خستە خوارەوە، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

📌سێنتکۆم دەوروبەری کاتژمێر 12 بۆ شەوی حەوتەم هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکردەوە و رایگەیاند، ئەم هێرشانە راستەوخۆ بە فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا ئەنجام دەدرێن و ئامانجی سەرەکیش لێیان بەردەوامبوونە لە لاوازکردن و تێکشکاندنی توانای سەربازیی ئێران لە ناوچەکەدا

📌دوای هێرشەکانی ئەمریکا راستەوخۆ میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، دەنگی چەندین تەقینەوە لە ناوچەی “بەمانی” لە شاری سێریک لە پارێزگای هورموزگان و ئەهواز و بوشەهر، قەشم، لە باشووری ئێران بیستراوە.

📌سوپای پاسدارانی ئێران؛ ناوەندە هەوڵگری و سەربازییەکانی ئەمریکامان لە کوەیت و بەحرەین کردووەتە ئامانج.

📌سوپای پاسدارانی ئێران؛ دوو کەشتی کە بەنیازبوون لە رێڕەوەکانی باشووری گەرووی هورمز تێپەڕببن، مین پێیاندا تەقیوەتەوە و ئاگریان گرتووە.

📌فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا پڕوپاگەندەی سوپای پاسدارانی ئێرانی رەتکردەوە سەبارەت بە تەقینەوەی دوو کەشتی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز.

📌سوپای کوێت رێگریکردنی لە شەپۆلێکی نوێی ئەو موشەک و درۆنانە راگەیاند کە لە ئێرانەوە تەقێنرابوون، لە بەحرەین و سعودیەش زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا.

📌میدیاکانی ئێران: موشەکە ئەمریکییەکان دامەزراوەکانی وزە و پەمپەکانی شیرینکردنی ئاویان لە جاسک کردووەتە ئامانج.

📌میدیاکانی ئێران: هێرشەکانی ئەمریکا دوو پرد و ژمارەیەک رێگایان لە پارێزگای هورمزگان لە باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە کردە ئامانج.

📌عەباس عێراقچی؛ بەهۆی بۆردۆمانکردنی پردی “بەندەر خەمیر”ەوە، سێ هاوڵاتیی دانیشتووی گوندەکانی ناوچەکە کوژراون، بە هیچ شێوەیەک لە بەرامبەر ئەم رووداوەدا بێدەنگ نابین و رێگە نادەین خوێنی هاوڵاتیانیان بە خۆڕایی بڕژێت.

📌کەناڵی 12ی ئیسرائیلی: سوپای لوبنان لە یەکەمین سنووری ناوچە ئەمنییەکانی باشووری لوبنان بڵاوەی پێکرا کە لە واشنتن لەگەڵ ئیسرائیل لەسەری رێککەوتبوون.

📌سوپای ئوردن رێگریکردنی لە 10 موشەک راگەیاند کە لەلایەن ئێرانەوە تەقێنرابوون.

📌بومەلەرزەیەک بە گوڕی 5 پلە باشووری رۆژهەڵاتی تورکیای دا هەژاند، هەر دوێنێش بە گوڕی 7.4 مەکسیکی هەژاند.