پڕۆگرامی دوودوکتۆر
پزیشکێکی سڕکردن: میدیاکان پێش حاکم حوکم لەسەر پزیشکان دەدەن
ژووری هەواڵ
د. ناسیح بالیسانی، پزیشکی پسپۆڕی سڕکردن، لە پڕۆگرامی دوودوکتۆر هەندێک نهێنی ژووری نەشتەرگەری باس دەکات و دەڵێت؛ کە هەر گیانلەدەستدانێک لە ژووری نەشتەرگەریدا ناکرێت بخرێتە ئۆباڵی پزیشکی بەنج، چونکە بەنج نیعمەتێکی خودایە هەموو جەستە سڕ دەکات جگە لە دڵ.
هاوکات لە رووماڵی میدیاکان نیگەرانە و وتی؛ “میدیاکان پێش دادوەر حوکم لەسەر پزیشکان دەدەن و لە خۆیانەوە هەڵا دروست دەکەن کاتێک نەخۆشێک لە نەشتەرگەری دەمرێت بێ ئەوەی هیچ شتێک لەرووی یاساییەوە یەکلایی بووبێتەوە؛ جەختیش دەکاتەوە واژۆی نەخۆش پێش نەشتەرگەری لە دادگا رۆڵی نییە.
ئەم پزیشکە تیشک دەخاتە سەر ئەزموونی رابردووی لە شەڕی ناوخۆدا کە بەهۆی لێشاوی بریندارانەوە ناچار بوون دەرمانی بەسەرچوو بەکاربهێنن، هەروەها جەخت دەکاتەوە کە نەشتەرگەری جوانکاری مەترسیدارە و گەرنتی تەواوی لەگەڵدا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا ٪70ی نەشتەرگەرییەکان بە نازۆڕ بەڕێوەدەچن.
لە کۆتاییدا د. ناسیح رێنمایی دەدات کە دەبێت جگەرەکێشان دوو هەفتە پێش نەشتەرگەری رابگیرێت، ماکیاجی خانمان و ریشی درێژی پیاوانیش ئاستەنگ بۆ پزیشکی بەنج دروست دەکەن.