لە سلێمانی

کارەبای نیشتمانی کوژاوەتەوە؛ مۆلیدە ئەهلییەکان ئامادە نین کارەبا بدەن بە هاوڵاتیان

964+

دیلان محەمەد- سلێمانی

بەهۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دوای بینینی درۆنێک لە ئاسمانی ناوچەکەدا، کێشەی کوژانەوەی گشتی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکردەوە، ئەم دۆخە لە گەرمای هاویندا هاوڵاتیانی رووبەڕووی بێکارەباییەکی توند کردووەتەوە و کێشەی جدیی بۆ ژیانی رۆژانەیان دروستکردووە.

نەبەز مەجید، نوێنەری مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بۆ 964 دەڵێت؛ بەشێکییان ئامادە نین مۆلیدەکانیان دابگیرسێنن، بەهۆی کارنەکردنی چەند مانگەی مۆلیدەکانیانەوە پێویستیان بە چاکسازیی گشتی هەیە و هیچ پلان و بەرنامەیەکی فەرمیشیان لەلایەن قائیمقامیەتەوە بۆ دیاری نەکراوە، لە گەڕەکی عەقاری لەبەرخاتریماڵێک کە نەخۆشی ژێر ئۆکسجینی هەیە مۆلیدەکەیان هەڵکردووە.

نوێنەری مۆلیدەکان ئاماژە بە بارگرانی دارایی دەکات، چونکە چەندین ملیۆن دیناریان لای هاوڵاتیان ماوەتەوە و رێنماییەکانی قائیمقامیەتیش بۆ پاشخستنی پارەدانی مۆلیدە کێشەکەی ئاڵۆزتر کردووە، لە کاتێکدا فشار بۆ لادانی مۆلیدەکان هەیە بەهۆی پڕۆژەی (رووناکی)یەوە، نەبوونی رێککەوتن و پلانی روون وایکردووە هاوڵاتیان لە نێوان نەبوونی کارەبای نیشتمانی و مۆلیدەدا بێچارە بمێننەوە.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح