لەگەڵ براکەی شەڕی بوو براژنەکەی پێوەبوو

ئەو کەسەی لە رانیە بە هەڵە و بە چەکی تاپڕ براژنەکەی کوشت گیرا

شۆڕش قادری

ئەو کەسەی لە رانیە بەهەڵە و بە چەکی تاپڕ براژنەکەی خۆی کوشت، لە ماوەی کەمتر لە 11 کاتژمێر دەستگیر کرا.

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 15.7.2026 لە رانیە دوو بڕا شەڕیان بوو و بە تاپەڕ تەقەیان لە یەکتر کرد، لە نێوانیاندا ژنی یەکێک لە براکان پێوەبوو و گیانی لەدەستدا.

کەمێک پێش ئێستا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، بەشی پۆلیسی فریاکەوتن بە هاوکاری هێزەکانی ئاسایش، دوای بەدواداچوون و گەڕانێکی زۆر و کۆکردنەوەی زانیاری پێویست لەسەر شوێنی تۆمەتباری هەڵاتوو، توانیویانە لە کەمتر لە 11 کاتژمێر تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن.

تۆمەتبار بە ناوی (م.ج.خ) و لەدایکبووی ساڵی 1986 دانیشتووی رانیەیە و لەبەردەم پۆلیس و دادگا دانی ناوە بە تاوانەکەیدا و وتوویەتی، دوێنێ ئێوارە کاتێک دایکی و باوکی و براکەی لەگەڵ براژنەکەی لەناو باخەکەیان بوون، چووە بۆ ناو باخەکە و بە چەکی تاپڕ چەند جارێک تەقەی لێکردوون، لە ئەنجامی تەقەکردنەکەدا خێزانی براکەی بەناوی (ا.ر.ع) تەمەن 26 ساڵ گیانی لەدەستداوە.

ئێستا تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزدانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.